رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوکات و بەرفراوانی هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەیدا لە چوار ناوچەی ئیستەنبووڵ، دەستبەسەر 480 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیرا.
ئەمڕۆ شەممە 1ی حوزەیرانی 2024 عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، هێزەکانی جەندرمە و ئاسایش بە هاوئاهەنگیی هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر، ئۆپەراسیۆنێکی هاوکاتیان لە چوار ناوچەی پارێزگای ئیستەنبووڵ بۆسەر بازرگان و بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر ئەنجامدا.
وەکو وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستبەسەر 480 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر و 71 هەزار حەبی کاپتاگۆندا گیرا و هەشت بازرگانی مادەی هۆشبەریش دەستگیرکران.
عەلی یەرلیکایا باسی لەوەش کرد، ئۆپەراسیۆنەکە بە بەشداریی 246 کارمەندی هێزە ئەمنییەکان ئەنجامدرا کە بەسەر 22 تیم دابەشکرابوون.
ئۆپەراسیۆنەکە لە ناوچەکانی ئەسەنیورت، بەیئۆغڵو، شیشلی و بەیکۆزی ئیستەنبووڵ ئەنجامدراوە. وەزیری ناوخۆی تورکیا دەشڵێت، "ژمارەیەک چەکی بێ مۆڵەتیش دەستیان بەسەردا گیراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ