رووداو دیجیتاڵ
کێشە نێوخۆییەکانی ئیی پارتی دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان و کۆنگرەی نائاسایی؛ هێشتا بەردەوامن. پەرلەمانتارێکی دیکەی فراکسیۆنی ئەو پارتە ئۆپۆزیسیۆنە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی رایگەیاند؛ بەمەش تەنیا 36 پەرلەمانتاریان ماوەتەوە.
رۆژی هەینی 31ی ئایاری 2024 ئایکوت کایا، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ئیی پارتی لە بازنەی ئەنتاڵیا، بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردەوە. کایا ئاماژەی بەوە نەداوە کە پەیوەندیی بە کامە فراکسیۆنی پەرلەمانی دەکات، بەڵام میدیای ئەو وڵاتە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەویش دەچێتە نێو ریزەکانی جەهەپە.
رۆژی 15ی ئایاری 2024 بیلال بیلیجی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ئیی پارتی لە بازنەی ئادانا و رۆژی 24ی نیسانیش ئایشە سیبەل یانیکئۆمەرئۆغڵو، پەرلەمانتاری ئیستەنبووڵی ئیی پارتی، کە هاوکات یەکێک بوو لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەرانی ئیی پارتی، پەیوەندییان بە ریزەکانی جەهەپەوە کرد و بە فەرمی بوونە پەرلەمانتاری جەهەپە.
پێشتر دوو پەرلەمانتاری دیکەی ئیی پارتی لە رۆژانی 2 و 7ی نیسان دەستیان لەکارکێشایەوە و چوونە ریزەکانی جەهەپە و پەرلەمانتارێکی دیکەش دوای دەستلەکارکێشانەوەی پەیوەندیی بە ئاکپارتییەوە کردبوو.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا کە رۆژی 31ی ئاداری 2024 بەڕێوەچوو، ئیی پارتی تووشی شکستێکی گەورە بوو و تەنیا شارەوانییەکی بردەوە. ئەوەش بووە هۆی توڕەبوونی ئەندام و لایەنگرانی ئەو پارتە و زۆربەیان داوایان لە مەراڵ ئاکشەنەر کرد، دەست لەکار بکێشێتەوە.
رۆژی 27ی نیسانی 2024 ئیی پارتی پێنجەمین کۆنگرەی نائاسایی خۆی کرد و لە گەڕی سێیەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی پارتەکە، موساوات دەرویشئۆغڵو، بە سەرۆکی نوێی ئیی پارتی هەڵبژێردرا.
سەرباری بەڕێوەچوونی کۆنگرەکە و هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ، بەڵام کێشە نێوخۆییەکانی ئەو حیزبە نەتەوەپەرستە بەردەوامە.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان، ئیی پارتی تەنیا سەرۆکایەتیی شارەوانیی پارێزگای یۆزگاتی بردەوە و لە سەرانسەری تورکیادا یەک ملیۆن و 735 هەزار و 924 دەنگی بەدەستهێنا کە رێژەی دەنگەکانی 3.77٪ بوو.
ئەوە لەکاتێکدایە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا، کە لە رۆژی 14ـی ئایاری 2023 بەڕێوەچوو، ئەو پارتە 4 ملیۆن و 803 هەزار و 774 دەنگ کە دەیکردە رێژەی 9.68٪ـی دەنگەکانی بردەوە و خاوەن 42 کورسی پەرلەمان بوو. ئێستا خاوەنی 36 کورسی پەرلەمانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ