نێچیرڤان بارزانی لە کۆڕبەندی ئەنتالیا لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتان دۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری ئەنتالیای تورکیا بەشداریی لە سێیەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا کرد. 
 
19 وڵات لەسەر ئاستی سەرۆک و سەرۆکوەزیران؛ 73 وڵاتیش لە ئاستی وەزیراندا لە کۆڕبەندەکەدا بەشدارن. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بە فەرمی بانگهێشتی کۆڕبەندەکە کراوە و بەشدارە.
 
بابەتی سەرەکیی کۆڕبەندی ئەم ساڵی ئەنتالیا رۆڵی دیپلۆماسییە لەو تەنگەژەیەی جیهان تێیکەوتووە. 
 
خاڤێر فرناندۆ، سکرتێری یەکەمی باڵیۆزخانەی کۆڵۆمبیا لە تورکیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زۆر خۆشحاڵین کە لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاليا بەشدارین. وەک کۆڵۆمبیا، ئەمە یەکەم جارمانە و پەرۆشین، چونکە یەکەمجارە ئەمریکای لاتین دەبێتە بەشێک لە گفتوگۆکان؛ هەوڵ دەدەین بە بابەتەکانەوە پەیوەست بین و دڵخۆشین کە لێرەین".
 
لە کۆڕبەندەکەدا زیاتر لە سێ هەزار کەس لە 147 وڵاتەوە بەشدارییان کردووە.
 
جیا لە کێشە و قەیرانە جیهانییەکان، لە کۆڕبەندی ئەنتالیادا چەند بابەتێکی دیکە گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت، لەوانە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، کۆچبەری و "ئیسلامۆفۆبیا" و شەڕی بازرگانی.
 
ڤاینۆ رینات، باڵیۆزی ئیستۆنیا لە تورکیا بە رووداوی گوت، "ئەمە یەکەمجارە بەشداری لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاليادا دەکەم و هیوادارم دەرفەت هەبێت لەگەڵ هاوکارەکانمان لە سەرانسەری جیهان کۆببمەوە؛ خەڵکێکی زۆر بەشدارییان کردووە".
 
هەروەها ئالفرێد ڤاندێرپوچ، پەرلەمانتاری گانا بۆ رووداو قسەی کرد و گوتی، "شتێکی باشە کە تورکیا بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بتوانێت هەموومان پێکەوە لەم کۆڕبەندەدا کۆبکاتەوە. ئەوەی ئێستا لە جیهان روودەدات گرنگە؛ کاتێک سەیری جەنگی ئۆکراینا و رووسیا دەکەیت؛ کاتێک سەیری غەززە، ئیسرائیل و حەماس دەکەیت؛ سەیری ئەو هەموو شوێنە دەکەیت دەبینی کە کارەسات لە جیهاندا روودەدات."
 
پەرلەمانتارەکە گوتیشی، "دەبێت ئێمە رێگەیەک بدۆزینەوە؛ دەبێت جیهان رێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی چارەسەرێک هەبێت بۆ ئەو شتانەی ئێستا روودەدەن. پێم وایە ئەم کۆڕبەندە یەکێکە لە رێگەکان بۆ ئەوەی بگەینە رێکەوتنێک تاوەکو پێکەوە کار لەگەڵ نەتەوە بەهێزەکانی جیهان بکەین و کۆتایی بەم کێشانە بهێنین."
 
ویلهام، پەرلەمانتارێکی دیکەی گانایە و گوتی، "ئەگەر تۆ سەیری ئەو کێشانە بکەیت کە لە وڵاتانی جیهاندا روودەدەن، جەنگی رووسیا و ئۆکراینا و جەنگی غەززە، شتانێکی زۆر روودەدەن. ئەمانە دەبنە هۆی ناسەقامگیری و کاریگەریی دەخەنە سەر منداڵان و ژنانی دووگیان، دایکان، باوکان و هەموو کەسێک."
 
بۆیە پەرلەمانتارەکە پێیوایە، "ئێمە دەبێت کۆببینەوە و دڵنیابینەوە کە ئاشتی بەرقەرار دەکەین. هەموو جیهان پێویستیی بە ئاشتییە. ئێمە هەموومان پێویستیمان بە ئاشتییە، ئێوەش پێویستیتان بە ئاشتییە".
 
سێیەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا بڕیارە سبەی کۆتایی بەکارەکانی بهێنێت کە لەلایەن 20 هەزار ئەندامی ئاسایش دەپارێزرێت.