سوپای پاسداران کوژرانی راوێژکارێکی سەربازی لە سووریا راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندرواێکدا کوژرانی راوێژکارێکی سەربازی بە ناوی میلاد حەیدەری لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی لە هێرشی ئیسرائیل بۆ دیمەشقی سووریا راگەیاند.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە ئیسرائیل سەروەریی وڵاتی سووریای پێشێلکردووە و هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لە ئیسرائیل کراوە.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 31ـی ئاداری 2023، میدیای فەرمیی سووریا رایگەیاند: "کاژێر 00:17ـی رۆژی هەینی بەکاتی نێوخۆ (هەمان کاتی هەولێر) ئیسرائیل لە رێگەی مووشەکەوە لە جۆلانی داگیرکراوی سووریاوە خاڵێکی لە نزیک دیمەشق کردووەتە ئامانج".
ئەوەش لەکاتێکدایە کە رۆژی پێشتریش ئیسرائیل هێرشێکی کردە سەر ناوچەکانی نزیک دیمەشق و وەزارەتی بەرگریی سووریاش گوتی کە بەهۆیەوە دوو سەرباز برینداربوون.
میدیای فەرمیی سووریا دەڵێت، لە هێرشەکەی بەرەبەیانی رۆژی هەینیدا، ژمارەیەک مووشەک لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە خراونەتە خوارەوە.
سەرچاوە خۆجێیەکان رایانگەیاند، هێرشە نوێیەکە پێگەکانی سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران کردوونەتە ئامانج. ئەو سەرچاوانە باس لەوەش دەکەن مووشەکەکان کۆگەیەکی چەک و تەقەمەنییان کردووەتە ئامانج، بەڵام دەڵێن هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
رۆژی 19ـی شوباتیش، ئیسرائیل بە فڕۆکە ناوچەیەکی لە دیمەشقی پایتەخت کردە ئامانج، کە دەزگا ئەمنییەکانی سووریای لێبوو و لانیکەم 15 کەس بەهۆیەوە کوژران.
لەو کاتەوەی لە ساڵی 2011 شەڕی نێوخۆی سووریا دەستیپێکردووە، ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر سووریا، کە بە زۆریش هێزەکانی حکومەتی سووریا و حیزبوڵلای نزیک لە ئێران دەکاتە ئامانج.
ئیسرائیل ئەوە ناشارێتەوە کە هێرشی لەو جۆرەی کردووەتە سەر سووریا و دەڵێت، هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ ئەوەیە هەژموونی ئێران لەو وڵاتە کەم بکاتەوە.