وەزیری نەوتی سووریا: ژمارەیەک بیری نەوت لە دەرەوەی ئیدارەی دەوڵەتدان
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری نەوت و سەرچاوە کانزاییەکانی سووریا رایگەیاند، ژمارەیەک بیری نەوت هێشتا لە دەرەوەی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدان. دەشڵێت کەرتی نەوتی وڵاتەکە رووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بووەتەوە.
غیاس دیاب، وەزیری نەوت و سەرچاوە کانزاییەکانی سووریا، ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، "کەرتی نەوت لە سووریا دوای رووخانی رژێمی پێشوو رووبەڕووی چەندین گرفت و ئاستەنگ بووەتەوە کە رێگرن لە دابینکردنی بەرهەمە نەوتییەکان".
کەرتی وزەی سووریا لە ماوەی شەڕی ناوخۆدا زیانی زۆری بەرکەوتووە، زۆربەی کێڵگە نەوتییەکان لە ماوەی شەڕدا لە نێوان هێزە جیاجیاکان دەستاودەستیان پێکراوە.
وەزیری نەوت و سەرچاوە کانزاییەکانی سووریا دەڵێت، "ژمارەیەک بیری نەوت هێشتا لە دەرەوەی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی سووریان، ئەمەش یەکێکە لە گەورەترین و دیارترین ئاستەنگەکان و گرفتی هاوڵاتییان زیاتر دەکات".
هەرچەندە غیاس دیاب ئاماژەی بەو بیرە نەوتانە نەداوە کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتدا نین، بەڵام ئەو بیرانە لە ژێر کۆنتڕۆلی هێزەکانی سووریای دیموکراتدان لە پارێزگاکانی حەسەکە و دێرەزوور.
شەڕی ناوخۆی سووریا کاریگەری گەورەی کردە سەر کەرتی نەوت و گازی ئەو وڵاتە. تاوەکو پێش شەڕی ناوخۆ، سووریا رۆژانە کەمتر لە 600 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمدەهێنا، بەڵام تاوەکو 2014 و سەرهەڵدانی داعش، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەو وڵاتە دابەزی بۆ رۆژانەی 32 هەزار بەرمیل نەوت.
لە 2015دا کاتێک گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوخۆی سووریا زیاتر پەرەیان سەند، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زیاتر دابەزی بۆ رۆژانەی 27 هەزار بەرمیل.
زۆربەی کێڵگە نەوتییەکانی سووریا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هەڵکەوتوون، بەشێکی زۆریشیان دەکەونە ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان. کێڵگە نەوتییەکان زیاتر لە حەسەکە، دێرەزوور و رەققە هەڵکەوتوون.
بەهۆی گەماڕۆی ئابوورییەوە، رژێمی پێشووی سووریا نەیدەتوانی پەرە بە کێڵگە نەوتییەکانی بدات، هەر بەهۆی سزاکانەوە کۆمپانیا بیانییەکانیش ئامادە نەبوون وەبەرهێنان لە کەرتی وزەی ئەو وڵاتەدا بکەن.
وەزیری نەوت و سەرچاوە کانزاییەکانی سووریا دەڵێت، "مانەوەی ئەو سزایانەی بەسەر سووریادا سەپێنراون هیچ واتایەکی نییە دوای رزگاربوون لە رژێمی پێشوو و هاوپەیمانەکانی، رژێم پشتی بە هاوپەیمانەکانی دەبەست بۆ دابینکردنی نەوت و هێندەی سووریای نوێی ئەمڕۆ کاریگەری سزاکان لەسەری نەبوو".
حکومەتی بەشار ئەسەد بەنزین و سووتەمەنییەکانی دیکەی لە ئێرانەوە هاوردە دەکرد. بەپێی میدیا فەرمییەکانی ئێران، بەشار ئەسەد نزیکەی 10 ملیار دۆلار قەرزاری ئێران بوو لەپێناو ئەو سووتەمەنی و نەوتەی کە لە ئێرانەوە هاوردەی دەکرد.