شەرع پلەی سەربازیی فەرماندەی گرووپە چەکدارەکان لە سوپای نوێ بەرزدەکاتەوە؛ 7ـیان جیهادیی بیانین
رووداو دیجیتاڵ
بەبڕیاری وەزارەتی بەرگریی حکومەتی کاتیی سووریا و بە واژۆی ئەحمەد شەرع، پلەی سەربازی ژمارەیەک فەرماندەی گرووپە چەکدارەکان بەرزکرایەوە. لەنێو ئەو فەرماندانەدا، حەوت کەسی جیهادیی بیانی هەن، کە پلەی لیوا و عەقید (جەنەراڵ و عەقید)ـیان پێدراوە.
لە نووسراوەکەدا، ئەحمەد شەرع، وەکو فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی سووریا واژۆی کردووە.
ئوردنییەکی بە رەچەڵەک فەلەستنی کرایە لیوا
بەپێی نووسراوەکە، عەبدولڕەحمان حوسێن خەتیب پلەکەی لە سوپای نوێی سووریادا کراوەتە لیوا.
عەبدولڕەحمان حوسێن خەتیب، بە ئەبو حوسێن ئوردنی ناسراوە، وڵاتینامەی ئوردنی هەیە و بە رەچەڵەک فەلەستینییە، یەکێکە لە کەسایەتییە سەربازییەکان کە لە ساڵی 2013ـوە لە سووریایە و کۆلێژی پزیشکیی لە زانکۆی ئوردن تەواوکردووە.
ئەبو حوسێن، کەسێکی سەلەفیی جیهادییە و نزیکی ئەبو محەممەد جۆلانی، فەرماندەی دەستەی تەحریری شامە کە ئێستا ناوەکەی گۆڕیوە بۆ ئەحمەد شەرع و سەرکردایەتیی ئێستای سووریا دەکات.
خەتیب ئەرکی چاودێریکردنی کێشەکانی نێوان گرووپە چەکدارەکانی گرتووەتەئەستۆ و ئێستا پۆستی لە ئەنجوومەنی سەربازیی دەستەکە دا هەیە.
عەبدولعەزیز داود خودابەردی، ناسراو بە ئەبو محەممەد تورکستانی، خەڵکی تورکستانە و کراوەتە لیوا.
عومەر محەممەد چیفتچی، ناسراو بە موختار تورکی، خەڵکی تورکیایە و بووەتە لیوا.
عەبدەل سەمریز بیشاری، خەڵکی ئەلبانیایە و بووەتە عەقید.
مەولان تیرسۆن عەبدولسەمەد، خەڵکی تاجیکستانە و بووەتە عەقید.
عەلا محەممەد عەبدولباقی، خەڵکی میسرە و کراوەتە عەقید.
ئیبنیان ئەحمەد حەریری، خەڵکی ئوردنە و بووەتە عەقید.
فەرمانەکەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی سووریا، لە چوارچێوەی "پرۆسەی پەرەپێدان و نوێکردنەوەی سوپای سووریا و هێزە چەکدارەکان" دەرکراوە و ژمارەی 8ـی بەسەرەوەیە.
لە فەرمانەکەدا هاتووە، ئەم پلە بەرزکردنەوانە "بۆ بەردەوامییە بە رووحیەتی پابەندبوون و خۆتەرخانکردن بۆ خزمەتی ئایین و نیشتمان."
هەر لە چوارچێوەی بڕیارەکەدا، هەریەک لە مورهەف ئەحمەد ئەبو قەسرە و عەلی نوورەدین نەعسان کراون بە لیوا، هەروەها زیاتر لە 42 ئەفسەریش پلەیان بۆ عەقید بەرزکرانەوە.
وەزیری بەرگریی حکومەتی کاتیی سووریا پلە سەربازییەکەی کراوەتە لیوا
مورهەف ئەبو قەسرە کە پلەکەی بۆ لیوا بەرزکراوەتەوە، ئێستا پۆستی وەزیری بەرگری لە حکومەتی کاتیی سووریا بەڕێوەدەبات و، بڕیارە تاوەکو مانگی ئادار داهاتوو بەردەوام بێت.
ئەبو قەسرە، سەرکردەیەکی پێشووی ئۆپۆزسیۆنی چەکداری سووریا بوو و پۆستی فەرماندەی گشتیی باڵی سەربازیی دەستەی تەحریری شامی بەڕێوەبردووە.
هەروەها یەکێک بووە لە دیارترین سەرکردەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کردە سەربازییەکان کە سەرکردایەتیی شەڕی "ردع العدوان - بەرپەرچدانەوەی دووژمنان"ـی لە دژی رژێمی رووخاوی سووریا کردووە.
بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاریی کشتوکاڵ لە زانکۆی دیمەشق بەدەستهێناوە.
پلەی سەربازیی سوپاسالار کرایە لیوا
بەپێی بڕیارەکەی ئەحمەد شەرع، پلەی سەربازیی عەلی نوورەدین نەعسان بۆ لیوا بەرزکراوەتەوە. نەعسان ئێستا پۆستی سوپاسالاری سووریا بەڕێوەدەبات کە لەلایەن سەرکردایەتیی نوێوە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد راسپێردراوە.
عەلی نوورەدین نەعسان، خەڵکی شاری تەیبەی ئیمامە لە دەوروبەری حەما و یەکێکە لە سەرکردە سەربازییە دیارەکانی دەستەی تەحریری شام.
پێدانی ئەم پۆستانە و پلەبەرزکردنەوەی ئەم فەرماندە سەربازییانە کە سەرجەمیان سەر بە دەستەی تەحریری شام و گرووپە هاوپەیمانەکانیانن لەکاتێکدایە دەیان ئەفسەری یاخی و هەڵگەڕاوە لە سوپاکەی پێشووی بەشار ئەسەد چاوەڕێی ئەوەن لە سوپای نوێی سووریادا جێیان بکرێتەوە.
دیارترین ئەفسەرە هەڵگەڕاوە و یاخیبووەکانی سوپای ئەسەد
لیوا محەممەد حاج عەلی، ساڵی 1977 بە پلەی مولازم لە کۆلێژی سەربازی دەرچووە و پەیوەندیی بە ئەکادیمیای سەربازی لە دیمەشق کردووە و یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی، پێش ئەوەی لەنێوان ساڵانی 2005 و 2008 بگوازرێتەوە بۆ لیوای میکانیکی، دواتر بووە بە بەڕێوەبەری کۆلێژی بەرگریی نیشتمانی.
لە 2ـی ئابی 2012 بە هاوکاریی گرووپی ئوسامەی کوڕی زەید کە سەر بە کەتیبەی یەرمووک بوو لە دەرعا، هەڵگەڕانەوەی خۆی لە سوپای رژێمی سووریا راگەیاند. دوای هەڵگەڕانەوەی لە ئوردن و تورکیا ژیاوە و یەکێک بووە لە ئەندامانی ئیئتیلافی نیشتمانی.
حاج عەلی لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەفسەرە هەڵگەڕاوەکان، لە رێگەی یەکگرتنی چەند گرووپێک لە پارێزگای دەرعا لە 5ـی تشرینی دووەمی 2013، لیوای جسر حەورانی دامەزراند و بووە فەرماندەی لیواکە، هەروەها یەکێک بووە لەو ئەفسەرانەی لە 4ـی حوزەیرانی 2016 هێزەکانی بەرپەرچدانەوەیان دروستکرد.
لیوا محەممەد حاج عەلی، چەندین دەستپێشخەری کردووە بۆ دروستکردنی چەترێکی یەکگرتوو بۆ گرووپەکانی سوپای ئازاد یان ئەفسەرە هەڵگەڕاوەکان، یەکەمینیان راگەیاندنی دەستپێشخەریی سوپای یەکگرتووی سووریا بوو لە 22ـی ئەیلوولی 2017، دواتر دەستپێشخەریی کۆبوونەوەی نیشتمانی بۆ ئەفسەرە ئازادەکان لە 19ـی کانوونی یەکەمی 2017. هەروەها یەکێک بووە لە رێکخەرانی کۆنگرەی نیشتمانیی سووریا بۆ گەڕاندنەوەی سەروەری و بڕیار لە 21ـی ئابی 2021.
لیوا محەممەد، لە پەڕەی فەیسبووکی خۆیدا رایگەیاندووە سێشەممەی داهاتوو دەگاتە دیمەشق.
عەقید ریاز ئەسعەد، فەرماندەی پێشوو لە چەکە ئاسمانییەکانی سووریا و دامەزرێنەری سوپای سووریای ئازاد.
موقەدەم فارس بەیووش و رائید جەمیل ساڵح و چەندانی دیکە.
هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکانی سووریا
رۆژی 22-12-2024، ئەحمەد شەرع، دوای پێشوازیکردنی لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە دیمەشق گوتی: بەهیچ شێوەیەک رێگەنادەین هێزی چەکدار لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت هەبێت، جا ئەوانە چ گرووپە شۆڕشگێڕەکان بن، یان ئەو گرووپانەی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەن."
باسی لەوەش کرد، بەر لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە، لەگەڵ سەرجەم گرووپە چەکدارەکان رێککەوتین، دوای تەواوبوونی ئۆپەراسیۆن و دەستپێکردنی قۆناخی نوێ، دەبێ هەموو هێزەکان لەژێر وەزارەتی بەرگری و لەژێر فەرمانی یەک فەرماندەی گشتی کۆببنەوە.
هەمان رۆژ، میدیای فەرمیی سووریا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەی بەرپرسانی گرووپەکان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، کۆتاییهات و "لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هەموو گرووپەکان رێککەوتن."
میدیای فەرمیی سووریا ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو ئەو گرووپانەی رێککەوتنیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع کردووە، تێکەڵ بە هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی سووریا دەکرێن و دەخرێنە ژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە.
جگە لە دەستەی تەحریری شام و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەو گرووپە چەکدارانەی کە لە سووریا هەن بریتین لە سوپای نیشتیمانیی سووریا، سوپای ئازادی سووریا، دەستەی ئەحراری شام، هاوپەیمانیی نیشتمانی بۆ هێزەکانی شۆڕش و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و چەند گرووپێکی دیکە کە لە چەکدارانی هۆزەکان پێکدێن.
رۆژی 8ـی ئەم مانگە، چەکدارانی دەستەی تەحریری شام دەستیان بەسەر دیمەشقی پایتەختدا گرت و دوای نزیکەی 14 ساڵ لە شەڕی نێوخۆ، کۆتاییان بە دەسەڵاتی 53 ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد هێنا.