کارەبا لە سووریا لە 5 کاژێرەوە بۆ رۆژانە 3 کاژێر کەمبووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە دیمەشق، قەرەباڵخیی زۆر لەبەردەم ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM) هەیە و خەڵک نۆرەیان گرتووە.
محەممەد ئەرنائۆت، هاووڵاتیی سووری لەمبارەیەوە دەڵێ "ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە سەردانی ئامێرەکانی (ATM) دەکەم و هەموو رۆژێک تاوەکو سێی پاشنیوەڕۆ لێرەم، بەڵام پارەم بەرناکەوێت، ئەوە جگە لەوەی ئەو بڕە مووچەیەی وەریدەگرین، بەشی سێ رۆژ ناکات."
دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، سووریاییەکان رووبەڕووی کێشەی کەمبوونەوەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بوونەتەوە.
مانگێک لەمەوبەر لە زۆربەی شوێنەکان رۆژانە تێکڕا 5 کاژێر کارەبای نیشتمانی هەبوو، ئێستا بۆ سێ کاژێر کارەبا دابەزیوە.
بەشێکی زۆری کارمەندانی حکومیش نەگەڕاونەتەوە سەر کار، ئەوەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان هەبووە.
عەبدولقەهار زاکور هاووڵاتێکی دیکەی سووریایی دەڵێ "هیچ پێداویستییەکی ژیانمان نییە؛ ئاو، ئاوەڕۆ، کارەبا. نانەواخانە، قوتابخانەکان داخراون."
زیاتر لە 30 هەزار پەنابەری سووریایی لە تورکیاوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان، بەڵام زۆربەیان گەڕاونەتەوە سەر وێرانە.
ئەحمەد قاسم، ئاوارەی گەڕاوە باسی ئەوە دەکات "منداڵەکانم چاوەڕێی ئەمەیان نەدەکرد، ئەوان لە تورکیا گەورەبوون و کارەبایان هەبوو، ئاو، ئینتەرنێت و سەرجەم پێداویستییەکانی ژیان بەردەست بوون، بەڵام لێرە هەروەکو دەبینی چەند رۆژێکە لێرەین و ئاومان نییە و ئێستا نازانم منداڵەکانم بۆ کوێ بەرم."
راپۆرتێکی یەکێتیی ئەورووپا باس لەوە دەکات، دۆخی مرۆیی لە سووریا لە خراپترینە ئاستدایە و ئێستا لە کۆی 10 سووریایی، حەوتیان پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە.