هەسەدە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەبی کۆنترۆڵ کرد
رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەبیان کۆنترۆڵ کرد.
ئەمڕۆ شەممە، 30ـی تشرینی دووەمی 2024، سەرچاوە خۆجێییەکانی سوورەیا رایانگەیاند، هێزەکانی سووریای دیموکرات فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەبی لە باکووری سووریا کۆنترۆڵ کرد.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، "دوای ئەوەی هێزە چەکدارەکانی سەر بە ئێران کشانەوە، هێزە کوردییەکان لە گەڕەکەکانی نوبول و زەهرا لە باکووری رۆژئاوای حەلەب جێگیر بوون."
هاوکات، باس لەوە دەکات، دوای ئەوەی هێزەکانی سوپای سووریا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەب و گەڕەکەکانی دەوروبەری کشانەوە، هێزە کوردییەکان ئەو ناوچانەیان کۆنترۆڵ کرد.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوە خۆجێییە، هەسەدە دەستی بەسەر خاڵەکانی پشکنین لە نێوان شەهبا، حەلەب و ئەشرەفییە دا گرتووە.
لە شەوی رابردووەوە لە گەڕەکەکانی نوبول و زەهرای حەلەب بەشێکی زۆری دانیشتووانی حەلەب بەرەو ناوچەکانی رۆژهەڵاتی شارەکە، وەکو حمس، حەما و ئەشرەفییەوە ئاوارە بوون.
وەکو سەرچاوە خۆجێییەکان باسی دەکەن، بەهۆی شەڕەکەوە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 50 هەزار کەس لە ماڵەکانیان دەربەدەر بوون.
ئەوە لەکاتێکدایە، لە رۆژی چوارشەممەوە چەکدارانی دەستەی تەحریری شام و هاوپەیمانەکانی هێرشیان کردووەتە سەر پارێزگای حەلەب لە باکووری سووریا و لە دژی سوپای وڵاتەکە شەڕ دەکەن.
ئەو گەڕەکانەی دەستەی تەحریری شام لە حەلەب کۆنترۆڵی کردوون بریتین لە بوستان قەسر، فیردەوس، قسڵییە، قەڵا، جەمیلە، سەڵاحەدین، زەهرە بوستان، راشیدین، رەمووسە، حەمدانییە، میردیان، فورقان، عەزیزییە و سریان.
تاوەکو ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی لە پێکدادانی نێوان سوپا و گرووپە چەکدارەکانی سووریا کوژراون گەیشتووەتە سەروو 310 کەس. کوژراوانی دەستەی تەحریری شام و گرووپەکانی هاوپەیمانی گەیشتوونەتە 183 کەس و ژمارەی کوژراوانی سوپای سووریاش گەیشتووتەوە 100 کەس؛ هەروەها 28 کەسی سیڤیلیش لەنێو کوژراواندا هەن.