ئەندامێکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات: بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەڕەشە نییە بۆ سەر تورکیا

رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) دەڵێت، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەڕەشە نییە بۆ سەر تورکیا؛ باس لەوەش دەکات، دۆزی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا کاریگەریی لەسەر دۆزی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا دەبێت. 
 
ئەمجەد عوسمان، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لە 'پانێڵی سووریا؛ ئاسۆی ئاشتی و ئاوەدانکردنەوە' لە دیداری مێری قسەی کرد و گوتی، "کێشە لە دەستووری سووریا هەیە. قەیرانی ئێستا کە 13 ساڵە دەستیپێكردووە، لە هەناوی دەستوورەوە لەدایکبووە. دەستوور نوێنەرایەتیی بەرژەوەندی چینێکی دیاریکراو دەکات و نوێنەرایەتیی بەرژەوەندی سووریاییەکان ناکات".
 
ئەمجەد عوسمان پێیوایە، "رژێمی سووریا رازی نییە هیچ گۆڕانکارییەک لە دەستووردا بکرێت و بەشێوەیەک مامەڵە لەگەڵ ئەو قەیرانەدا ناکات کە چارەسەر بکرێت. رژێمی سووریا پێیوایە ئەوەی هەیە؛ یاخیبوونە و دەبێت سەرکووت بکرێت." 
 
ئەمجەد عوسمان باسی ئەوەی کرد، دەرفەتێک هەیە بۆ گوشارخستنە سەر حکومەت، ئەوەش لە رێگەی دیالۆگی سووری-سووری؛ ئاماژەی بەوەشکرد، سووریاییەکان پێویستان بە چارەسەرێکی روونە و دەبێت هەندێک ناکۆکی نێوانیان تێپەڕێنن.
 
سەبارەت بە هەڵوێستی هەندێک وڵات بەرامبەر حکومەتی سووریا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات گوتی، "رێچکەی ئاساییکردنەوە لەگەڵ رژێم دەستیپێکردووە. پێویستە سووریاییەکان گفتوگۆ لەگەڵ ئەو وڵاتانە بکەن بۆ چارەسەرکردنی دۆزەکەیان".
 
سەبارەت بۆ دۆزی کورد لە سووریا، ئەمجەد عوسمان دەڵێت، "پێویستی بە چارەسەرییەکی دادپەوەردانە هەیە"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەندێک پێکهاتە لە سووریادا هەن کە دەبێت لە دەستووری سووریادا گوزارشیان لێ بکرێت.
 
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات رایگەیاند، "پێویستمان بە دەستوورێکی نوێ هەیە لە سووریا؛ دەستوورێک کە گوزارشت لە خواست و ویستەکانی سەرجەم سووریاییەکان بکات. سووریا بە کردەوە دابەشبووە و پێویستە یەکبخرێتەوە، ئەوەش بەگوێرەی سیستمێکی دیموکراسیی نامەرکەزی."  
 
ئەمجەد عوسمان گوتیشی، تورکیا پێیوایە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییەکەی، بەڵام ئەوە راست نییە؛ گوتیشی، "ململانێی دۆزی کورد لە تورکیا کاریگەری لەسەر کورد لە سووریاش هەیە."  
 
سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەرپرسەکەی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات گوتی، "هەرێمی کوردستان دراوسێمانە و پەیوەندی نزیک و درێژمەودا بەیەکەمانەوە دەبەستێتەوە. هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێمە هەندێک بارگرانی هەڵگرتووە، ئەوەش بەهۆی بوونی هەزارن سووری لە هەرێمی کوردستان".
 
وەک هێمایەک بۆ دەروازی سێمالکا لەنێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان، ئەمجەد عوسمان گوتی، "دەروازیەک لەنێوان ئێمە و هەرێمی کوردستان هەیە، کە کاریگەری ئەرێنی هەیە بەتایبەتی لەلایەنی مرۆییەوە." 
 
هاوکات بەدر جامووس، سەرۆکی لیژنەی دانوستاندنکاری ئۆپۆزیسیۆنی سووریا قسەی کرد و رایگەیاند، دەستەی دانوستاندنکاری ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەستەیەکە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان دانی پێنراوە و بەدوای چارەسەرێکی دادپەروەرانەیە بۆ هەموو پێکهاتەکانی سووریا.
 
جامووس گوتی، "دەمانەوێت ئاشتییانە هەموو پێکەوە بژین، بەڵام بەگوێرەی گرێبەستێکی نوێ"؛ باسی ئەوەشی کرد "کە سووریا بووەتە ناوچەیەک کێشمەکێشی گەورەی لەسەرە. ئێران، رووسیا و ئەمریکا لەوێ هەن و لە ئاسمانیش فڕۆکەکانی ئیسرائیل هەن".
 
سەرۆکی لیژنەی دانوستاندنکاری ئۆپۆزیسیۆنی سووریا پێیوایە رێککەوتنێکی نادیار بۆ هێشتنەوەی دۆخەکە بەم شێوەیە هەیە، بەڵام گوتیشی، ناکرێت دۆخەکە بەم چەقبەستووە بمێنێتەوە و، "لە هەر ئان و ساتێکدا ئەگەری تەقینەوەی ئەم دۆخە هەیە."
 
بەدر جامووس لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەنێوان حکومەتی سووریا و هەندێک لە وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی گوتی، " دەمانەوێت بزانین ئامانج لە ئاساییکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ رژێمی سووریا چییە؟ گەڕانەوەی پەیوەندییەکان بەبێ گۆڕینی رژێم بکرێت، هیچ سوودێکی نابێت." 
 
سەبارەت بە تورکیا، بەدر جامووس گوتی، "تورکیا هاوپەیمانێکی ستراتیژی ئێمەیە. کارکردن، پەیوەندی و گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا بەردەوامە و بە گرنگی دەبینین".