ئەحمەد شەرع: گفتوگۆ لەگەڵ هەسەدە دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد شەرع رایگەیاند، گفتوگۆ لەگەڵ هەسەدە دەکەن لەبارەى ناوچەکانى باکوورى رۆژهەڵاتى سووریا تاوەکو دواتر بچنە نێو هێزى حکومى. دەڵێت: "کورد بەشێکى دانەبڕاون لە پێكهاتەکانى سووریا."
ئەحمەد شەرع، فەرمانڕەوای ئیدارەى نوێى سووریا رایگەیاند، دەیانویست گواستنەوەى دەسەڵات لە سووریا بەشێوەیەکى نەرم بێت و گوتى: ئازادکردنى سووریا بۆ 50 ساڵى داهاتوو گەرەنتى ئاسایشى ناوچەکە دەکات.
ئەحمەد شەرع، ئەو قسانەی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵى عەرەبییە کرد. پێشبینی کرد ئامادەکردن و نووسینەوەى دەستوورى نوێى سووریا سێ ساڵ بخایێنێت و هەڵبژاردنیش چوار ساڵى پێویست بێت، گوتیشی، "هەر هەڵبژاردنێکى دروست، پێویستى بە سەرژمێریى گشتیى دانیشتووانە و ئەوەش کاتى دەوێت."
8ـی کانوونى دووەم، دواى ئەوەى گرووپە چەکدارەکانى سەر بە دەستەى تەحریرى شام چوونە دیمەشقى پایتەختەوە، دەسەڵاتى بەشار ئەسەد لە سووریا رووخا. فەرمانڕەوای ئیدارەى نوێى سووریا رایگەیاند: دەستەى تەحریرى شام هەڵدەوەشێندرێتەوە و ئەوەش لە کۆنگرەى دیالۆگى نیشتمانى رادەگەیێندرێت.
ئێستا لە سووریا حکوتێک بۆ قۆناخى راگوزەر پێکھێندراوە لە برى حکومەتى پێشووى سووریا.
ئەحمەد شەرع ئاشکرای کرد، ئیدارە نوێیەکەى دانوستاندن لەگەڵ هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە) دەکات بۆ چارەسەرى کێشەى باکوورى رۆژهەڵاتى سووریا، تاوەکو دواتر ئەو هێزە ببێتە بەشێک لە هێزى چەکدارى حکومی.
ئەحمەد شەرع گوتى: "کورد بەشێکى دانەبڕوان لە پێكهاتەکانى سووریا و وڵات دابەش ناکرێت."
لەبارەى تێڕوانینیان بۆ رۆڵى کۆمارى ئیسلامیى ئێران، ئەحمەد شەرع هیواى خواست کە ئەو وڵاتە بە دەستوەردانەکانى لە ناوچەکەدا بچێتەوە و دووبارە پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانیدا بکات: "ئیدارەى ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ئەرکى خۆیان بەرامبەر بە بارەگاکانى ئێران بەجێگەیاند و پێشبینی لێدوانی ئەرێنییان لە تاران دەکرد."