رووداو دیجیتاڵ
سوپای رووسیا دەڵێت، لە 24 کاژێری رابردوودا فڕۆکە جەنگییەکانیان نزیکەی 200 لەو چەکدارانەی کوشتووە کە دژی حکومەتی سووریای هاوپەیمانی مۆسکۆ شەڕ دەکەن.
ئۆلێگ ئیگناسیوک، جێگری سەرۆکی ناوەندی ئاشتەوایی سووریا کە سەر بە وەزارەتی بەرگریی رووسیایە، رۆژی هەینی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "هیزی ئاسمانیی رووسیا هێرش دەکاتە سەر چەک و هێزی گرووپە چەکدارە نایاساییەکان و پێگە، کۆگە و تۆپهاوێژی تیرۆریستان."
رۆژی چوارشەممە، دەستەی تەحریری شام و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی دەستیان بە هێرشێکی کتوپڕ کرد بۆ سەر رۆژئاوای حەلەب. دوای کۆنترۆڵکردنی زیاتر لە 60 گوند و شارۆچکە، رۆژی هەینی کۆنترۆڵکردنی نزیکەی 10 گەڕەکی شاری حەلەبیان راگەیاند.
شەڕەکە بە یەکێک لە سەختترین شەڕەکانی چەند ساڵی رابردوو دادەنرێت.
ئیگناسیوک دەڵێت، "ئۆپەراسیۆنی تێكشکاندنی دووژمنکاریی توندڕۆیەکان بەردەوامە."
مۆسکۆ هاوپەیمانی هەرە نزیکی بەشار ئەسەدی سەرۆککۆماری سووریایە و لە ساڵی 2015 چووە نێو جەنگی نێوخۆی وڵاتەکە و رێڕەوی جەنگەکەی لە بەرژەوەندیی حکومەتی سووریادا گۆڕی.
سەرچاوە خۆجێییەکان دەڵێن، لە سێ رۆژی رابردوودا لە پارێزگەکانی ئیدلب و حەلەب لانیکەم 277 کەس کوژراون کە 156 کەسیان سەر بە دەستەی تەحریری شام و 93یان سەر بە سوپای سووریا بوون. نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت لە رۆژی چوارشەممەوە لە هەردوو پارێزگاکەی باکووری رۆژئاوای سووریا 27 کەسی سڤیل کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ