چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە دەروازەی شاری حەلەبن


راپۆرتی بەشدار موزەفەر و هاوار عەبدولڕەزاق
 
رووداو دیجیتاڵ 

پێشڕەوییەکانی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە پارێزگای حەلەب بە سەرکردایەتی گرووپی تەحریری شام بەردەوامە و رێگەی نێوان دیمەش و حەلەبیان کۆنترۆڵ کردووە تەنیا یەک کیلۆمەتر لە شاری حەلەب دوورن. حکومەتی سووریاش ئامادەکاری بۆ هێرشی پێچەوانە دەکات. 
 
سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا لەبارەی پێکدادانی نێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و حکومەتی ئەو وڵاتە رایانگەیاند، گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، "رێگەی سەرەکیی دیمەشق-حەلەبیان داخستووە."
 
سەرچاوە خۆجێیەکان دەشڵێن، "دوای ئەوەی رێگەکە ساڵێک لەمەوبەر لەلایەن هێزەکانی رژێمی سوووریا کرایەوە، ئێستا رێگە بە هیچ کەسێک نادرێت هاتووچۆی پێدا بکات."
 
جگە لەو رێگەیە، گرووپە چەکدارەکان رێگەی نێوان حەلەب و لازقییەشیان داخستووە. 
 
رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە، دەستەی تەحریری شام ئۆپەراسیۆنێکی دەستپێکرد و هێرشی کردە سەر لانیکەم 10 پێگەی سوپای سووریا.
 
پێش ئۆپەراسیۆنەکەی دەستەی تەحریری شام، سوپای سووریا بە هاوکاریی رووسیا هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ناوچەکانی دەورووبەری ئیدلب زیاد کرد، کە لەژێر دەسەڵاتی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنە.
 
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان پێکدادانەکە بووەتە هۆی کوژرانی 102 چەکداری دەستەی تەحریری شام و 19 چەکداری گرووپە هاوپەیمانەکانی دیکە. هەروەها باس لە کوژرانی 61 سەربازی سوپای سووریا و بەدیلگرینی پێنجی دیکەیان دەکرێت.
 
چەکدارانی تەحریری شام و گرووپەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە دەورووبەری حەلەب پێشڕەوییان کردووە و چەندین کیلۆمەترێکیش لە شارۆچکەکانی نوبل و زەهرا دوورن. 
 
ئەوە یەکەم جارە لە دوای ساڵی 2020 دەستەی تەحریر شام ئەوەندە پێشڕەوی بەرەو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سوپای سووریا بکات، بەتایبەت کە لەو ساڵەدا، هەریەکە لە رووسیا کە پاڵپشتی لە ئەسەد دەکات و تورکیا کە پاڵپشتی لە گرووپە چەکدارەکانی سووریا دەکات، رێککەوتنێکیان واژۆ کرد و ئاگربەستیان راگەیاند.

 

 
تورکیا و گرووپە چەکدارە سوورییەکانی لایەنگری، لە ساڵی 2016ـەوە بەشێکی باکووری سووریا و رۆژئاوای کوردستانیان کۆنترۆڵکردووە و شوێنپێی خۆیان لە هەریەکە لە پارێزگای ئیدلب، باکووری حەلەب، هەرێمی عەفرین لە رۆژئاوی کوردستان و شارۆچکەکانی سەرێكانی و گرێسپی لە نزیک سنووری تورکیا قایم کردووە. 
 
ئەبو زوبێر شامی، فەرماندەی هێزەکانی تەحریر شام دەڵێت: "دووژمن خەڵکی ئێمەی کردە ئامانج لە ناوچە ئازادکراوەکان و زیانێکی زۆری پێگەیاندن و خەڵکەکەی رووبەڕووی کوشتن و ئاوارەکردن کردەوە. ئێمە لە ئیدارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، بەرپرسیارێتی هەڵدەگرین لە رووبەڕووبوونەوەی هەموو دووژمنکارییەک و کۆتاییهێنان بەو دەستدرێژییانەی رژێمی تاوانبار دەیکات و پارێزگاریکردن لە خەڵکەکەمان."
 
ئەو فەرماندەیەی دەستەی تەحریری شام هۆشداری دایە سوپای سووریا و گوتی: "ئەوەی دووژمن لە هێزەکانمانی بینی، تەنیا سەرەتایەک بوو."
 
چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن 22 گوندییان کۆنترۆڵ کردووە
 
پێشڕەوی چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە پارێزگای حەلەب بەردەوامن، سەرچاو خۆجێیەکانی سووریاش دەڵێن، لە دوێنێوە 22 گوندی حەلەب و دوو گوندی ئیدلبیان کۆنترۆڵ کردووە. 
 
ئێستاش پێشڕەوییەکانی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن بە ئاراستەی کۆنترۆڵکردنی گوندی خان عەسەل لە حەلەب بەردەوامە، کە چەندین تاقیگەی دەرمانی سەر بە حکومەتی سووریای تێدایە. 
 
ئاماژە بەوەش دەکەن، گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە هێرشەکەیاندا سوودی زۆریان لە بەکارهێنانی درۆن وەرگرتووە. 
 
ئەبو محەممەد تالماناس کە یەکێکە لە چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەڵێت، "من ماوەی پێنج ساڵە ئاوارە و دەربەدەرم، بەڵام سوپاس بۆ خوا، ئێستا شەڕ بۆ گێڕانەوەی خاکی خۆم لە دەست رژێمی تاوانکار دەکەم. ئێمە لەم رێگەیە بەردەوام دەبین و داواش لە گەنجەکان دەکەم بێن لەگەڵ ئێمە لە بەرخودانی بەدەستهێنانەوەی خاکمان بەشدار ببن".
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، سەربازانی حکومەتی سووریا لە گوندەکانی کفر جووم، حەریتا و عەنەدان لە رۆژئاوای حەلەب خەریکی خۆکۆکردنەوەن بۆ ئەوەی دەست بە هێرشی پێچەوانە بکەن. 
 
لەدوای پێشڕەوییەکانی گرووپە چەکدارەکان، فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا و سووریا 63 هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر گوندەکانی هەردوو پارێزگای حەلەب و ئیدلب کردووە و بەهۆی ئەو بۆردوومانانەشەوە، 20 کەسی سڤیل کوژراون.
 
سوپای سووریاش لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "هێزەکانمان بە هێزی جیا و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە هاوپەیمانەکانمان رووبەڕووی گرووپە تیرۆریستییەکان دەبنەوە".
 
کۆمیتەی فریاگوزاری نێودەوڵەتی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، شەڕەکە بووەتە هۆی ئەوەی لانیکەم حەوت هەزار خێزان ئاوارە ببن و بەشێک لە قوتابخانە و دامەزراوەکانی حەلەب داخراون.