وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل داوای پاڵپشتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ کورد دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل پاڵپشتیی خۆی بۆ کوردانی سووریا دەردەبڕێت و دەڵێت، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هەمان هەڵوێستی هەبێت.
رۆژی شەممە، 28ـی کانوونی یەکەمی 2024، میدیای ئیسرائیل هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ گیدیۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بڵاوکردەوە.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل گوتی، "لە گفتوگۆکانمدا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی جیهان، لەوانە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ئەوانەی دیکەش، هەموو کات جەختم لە بەرپرسیاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر کورد کردووەتەوە." دەشڵێت، "کورد قوربانیی زۆریان دژی داعش داوە" هۆشداریشی لەبارەی مەترسییەکانی هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی بەڕێوبەریی خۆسەر دا.
ساڵی 2011 گرژییەکانی سووریا و دواتر شەڕی نێوخۆ لە وڵاتەکە دەستی پێکرد. کورد لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەسەڵاتێکی سەربەخۆیان لەو ناوچەیە دروستکرد، سیستەمێکی حکومڕانیان دانا و هێزەکانی سووریای دیموکراتیان بە پاڵپشتی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دروستکرد. نزیکەی 11 هەزار شەڕڤانی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە شەڕەکانی دژی داعشدا شەهید بوون.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، "کورد پاڵپشتیکاری رۆژئاوان و گرووپێکی دۆستن و پێویستە پاڵپشتییان بکەین."
رۆژی 8ـی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ، گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا کە دیارترینیان دەستەی تەحریر شام بوو، توانیان حکومەتی سووریا بڕوخێنن و بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا هەڵات بۆ رووسیا. دواتر، حکومەتێکی کاتی تاوەکو ئاداری داهاتوو پێکهات.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات رۆژی 27ـی کانوونی یەکەم رایگەیاند، ئامادەن بۆ ئەوەی شاندیک بنێرنە دیمەشق بۆ گفتوگۆ.
ئاماژەی بەوەش کرد، دەکرێت هێزەکانی سووریای دیموکرات بچنە نێو سوپای سووریا، ئەمە دوای ئەوەی هەردوولا دەگەنە "رێککەوتنێکی هاوبەش و گونجاو لە رێگەی گفتوگۆوە."