نووسەرێک لە سووریا خۆی و سێ کچەکەی دەکوژێت

رووداو دیجیتاڵ

لە شاری تەرتووس لە سووریا نووسەرێکی سووری هەرسێ کچەکەی و خۆی کوشتووە و بەر لە رووداوەکەش لە فەیسبووک رایگەیاندبوو کە ئەو کارە دەکات و دەڵێت، هەڕەشەی لێکراوە.

نووسەرەکە ناوی "غەدیر سەلام"ـە و، بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی سووریا بە چەکێک تەقەی لە هەرسێ کچەکەی کردووە و دواتریش خۆی کوشتووە.

خێزانی ئەو نووسەرە بە هەمان شێوە لە رووداوەکەدا بریندار بووە و ئیستا لە نەخۆشخانە چارەسەری بۆ دەکرێت، بەڵام بەپێی راگەیێندراوێکی دەزگای تەندروستی لەو شارە، دۆخی تەندروستیی باشە و مەترسی لەسەر ژیانی نییە.

کچە گەورەکەی ناوی "شەیما"یە و تەمەنی 22 ساڵە و خوێندکاری زانکۆیە. کچی دووەمیشی ناوی "خەزامە"یە و 20 ساڵە و خوێندکاری پەیمانگەی پیشەسازییە. کچی سێیەمی ناوی "شادن"ـە و 17 ساڵە و قوتابیی قۆناخیی ناوەندییە.

بەپیی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، کاتێک هێزە ئەمنییەکان چوونەتە شوێنی رووداوەکە، بینراوە کە هاوژینی ئەو نووسەرە سوورییە بە برینداری لە بەردەرگایە، مێرد و سێ کچەکەشی لە ژوورەوە کەوتوون و مردوون.

غەدیر سەلام بەر لە مردنی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسینێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "کاتێک ئەم نووسراوە دەخوێننەوە، خۆم و سێ کچەکەم کوشتووە." لە نووسراوەکەیدا باس لەوە دەکات لەگەڵ چەند کەسێکدا کێشەی هەبووە و داواکارییەکیان لێکردووە کە ئەو نەیتوانیوە لە کاتی خۆیدا جێبەجێی بکات و داوای کردووە، مۆڵەتی سێ کاژێری پێبدەن، بەڵام قبووڵ نەکراوە و، هەرەشەیان لێکردووە کە خۆی و کچەکانی بسووتێنن. لە درێژەی نووسینەکەدا، غەدیر باس لەوە دەکات کە ئەو کەسەی هەڕەشەکەی لێکردووە کۆمەڵێک کەسی دیکەی لەپشت بوون کە دەیانتوانی ئەو کارە بکەن، بۆیە خۆی و کچەکانی کوشتووە.

وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەڵێت، کێشەکە بەهۆی ناکۆکیی ماددییەوە بووە لەنێوان غەدیر سەلام و دوو کەسی دیکە و، ئەو دوو کەسەش هەڕەسەیان لە غەدیر سەلام کردووە.

ئێستا ئەو دوو کەسە کە هەڕەشەیان کردبوو دەستگیرکراون و هێزە ئەمنییەکان لە لێکۆڵینەوە بەردەوامن.

غەدیر سەلام مامۆستای وانەی بیرکارییە و خۆیشی بە چیرۆکنووس و شاعیر ناساندووە. بەم دواییانە خەریکی نووسینەوەی یادەوەرییەکانی بووە بە شێوازی زنجیرە چیرۆکێک. لە زنجیرەی یەکەمەوە تاوەکو پێنجەم هەمیشە نووسیویەتی "بەردەوام دەبێت"، بەڵام لەکاتی بڵاوکردنەوەی دوا زنجیرەی چیرۆکەکانیدا نووسیویەتی: "دەکرێت بەردەوام بێت."