ئەمریکا: سووریا رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پڕکردووە لە مادەی هۆشبەر

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر دۆخی سووریا کۆبووەوە، وڵاتانی رۆژئاوا رووسیایان تۆمەتبار کرد بەوەی سووریای کردووەتە وێستگەی خۆی بۆ دروستکردنی ناسەقامگیری لە وڵاتانی ئەفریقا، بەتایبەتی لە رێگەی گرووپی ڤاگنەر، کە لە چەند وڵاتێکی ئەفریقی چەکداریان هەیە.
 
شەوی پێنجشەممە 27ی نیسانی 2023 ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر دۆخی سووریا کۆبوونەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا، ئەمریکا جارێکی دیکە رایگەیاند، پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق ئاسایی ناکاتەوە، حکومەتی سووریاشی تۆمەتبار کرد بەوەی وڵاتەکەی کردووەتە بنکەیەکی بازرگانی بە مادەی هۆشبەر لە تەواوی ناوچەکەدا، بەتایبەتی بازرگانی بە حەبی کپتاگۆن.
 
جێفری دیلۆرانتیس، جێگری نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە گوتارێکدا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا رایگەیاند، واشنتن بە هیچ شێوەیەک سزاکانی سەر سووریا هەڵناگرێت، هەتا ئەو کاتەی "پرۆسەیەکی راستەقینەی فراوانی درێژمەودای چاکسازی و پێشڤەچوونی سیاسی نەبێت و داواشمان لە وڵاتانی دیکەش کردووە ئەو هەنگاوە نەگرنەبەر."
 
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا دیارا دیمی لابیلی، باڵیۆزی فەرەنسا لە ئەنجوومەنی ئاسایش رایگەیاند، لە سەرەتای ئەم هەفتەیە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا سزای نوێیان بەسەر چەندین بەرپرسی سووریادا سەپاندووە کە رۆڵیان لە بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکانی وەکو کپتاگۆن بەنێو وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەیە.
 
هەروەها نوێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەو تۆمەتانەی رووسیا و سووریای رەتکردەوە، کە لە کۆبوونەوەکەدا واشنتنیان تۆمەتبار کردبوو بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە، تائێستا هاوکاریی مرۆیی کەم دەگاتە دەست لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی 6ی شووبات لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا.
 
لەوبارەیەوە، جێفری دیلۆرانتیس دەڵێت، "بەردەوام دەبین لە هاوکارییە مرۆییەکانمان دوور لە سزاکان و پێشوازی لە هەموو گفتوگۆیەکی نیازپاکیش لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین بۆ فراوانکردنی هاوکارییە مرۆییەکان."
 
لە سزا نوێیەکانی یەکێتیی ئەوروپادا، 25 کەسایەتی و هەشت دامەزراوەی سووری سزایان بەسەردا سەپێندرا، لەنێویان دوو لە ئامۆزاکانی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریای تێدابوو، کە یەکێتیی ئەوروپا تۆمەتباری کردوون بەوەی دەستیان لە بەرهەمهێنانی حەبی کاپتاگۆندا هەیە.