ئەمریکییەکان لەگەڵ هەشت پارتی رۆژئاڤای کوردستان کۆدەبنەوە
رووداو - هەولێر
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی ژەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە بۆ یەکخستنی ریزی کورد لە رۆژئاوا، ویلیام رۆباک، باڵوێزی ئەمریکا لە سووریا بە جیا لەگەڵ هەشت پارتی کوردی رۆژئاڤای کوردستان کۆبووەوە.
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە، ئەمڕۆ دووشەممە، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: "لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی یەکخستنی ریزی کورد، دوێنێ یەکشەممە، ویلیام رۆباک، باڵوێزی ئەمریکا لە سووریا و ئیمیلی براندێت، یاریدەدەری لەگەڵ سەرکردەی پێنج پارتی سیاسیی کوردی رۆژئاڤا کۆبوونەوە، بۆ تاوتوێکردنی ئەو هەوڵانەی کە دەدرێن و چۆنێتی دەوڵەمەندکردنی دەستپێشخەرییەکە و سەرخستنی".
بەپێی راگەیێنراوەکەی هەسەدە ئەو سەرکردە سیاسییانەی کە لەگەڵ بەرپرسەکانی ئەمریکا کۆبوونەوە بریتین لە: محێدین شێخ ئالی، سكرتێری پارتی یەكێتی دیموكراتی كورد لە سووریا (ئەلوەحدە)، ساڵح گەدۆ، سکرتێری پارتی سۆسیالیست دیموکرات لە سووریا، نەسرەدین ئیبراهیم، سکرتێری پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا، فەوزی شنگالی، سکرتێری پارتی ویفاقی دیموکرات لە سووریا، ئەمجەد عوسمان، ئەندامی دەستەی جێبەجێکاری بزووتنەوەی چاکسازی.
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە لە رۆژئاوای کوردستان ئاماژە بەوەش دەکات: "ویلیام رۆباک، باڵوێزی ئەمریکا لە سووریا و یاریدەدەرەکەی، هاوکات لەگەڵ سەرکردەی سێ پارتی سیاسیی دیکە کۆبوونەوە، کە بریتین لە: محەممەد موسا، سکرتێری پارتی سۆسیالیستی کورد لە سووریا، جەمال شێخ باقی، سکرتێری پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا، ئەحمەد سلێمان، ئەندامی دەستەی جێبەجێکاری پارتی دیموکراتی پێشڤەڕۆ لە سووریا.
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە ئاشکراشی کرد "بڕیارە نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە داهاتوودا، درێژە بە پرۆگرامی چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرکردەکانی پارتە سیاسییەکانی کورد بدەن".