وەزیری دەرەوەی میسر بۆ یەکەمجار لە دوای دەیەیەک سەردانی سووریا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار لەدوای دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆی سووریا، وەزیری دەرەوەی میسر سەردانی وڵاتەکە بکات.
رۆژی یەکشەممە، 26ـی شوباتی 2023، نووسینگەی وەزیری دەرەوەی میسر رایگەیاند، کە سەمیع شوکری، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە رۆژی دووشەممە سەردانی سووریا و تورکیا دەکات. وەزارەتی دەرەوەی میسریش لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، سەردانەکە بۆ "پێشاندانی هاوسۆزییە بۆ دوو وڵاتەکە و گەلەکەیان، "لە دوای ئەوەی بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتەوە زیانێکی زۆریان بەرکەوت."
سەردانەکەی شوکری بۆ سووریا، دوایین دەستپێشخەرییە لەلایەن وڵاتانی عەرەبییەوە دەکرێت لە "ئاساییکردنەوەی" پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی سووریا.
رۆژی 7ـی شوبات، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ بەشار ئەسەدی هاوتاکەی کرد. ئەوەش بووە یەکەم گفتوگۆی فەرمیی نێوان هەردوو سەرۆکەکە.
دوای ئەوەش، شوکری لەگەڵ فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەری سووریا کۆبووەوە.
بەگوێرەی بەرپرسانی میسر: "بە سەدان تۆن هاوکاریی پزیشکی" لە رێگەی کەشتیی دەریاییەوە گەیێندراونەتە سووریا. ئەوەش جگە لە تیمێکی تەکنیکی "بۆ پاڵپشتیکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان لەگەڵ کڵاو سپییەکان لە باکووری رۆژئاوای سووریا."
هەرچەندە میسر تا رادەیەک باڵانسی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا راگرتووە، کۆمکاری عەرەبی کە بنکەکەی لە قاهیرەیە، لە ساڵی 2011ـەوە بەشداریی سووریای لە کۆمەڵەکە هەڵپەساردووە و بەشێکی وڵاتانی عەرەبیش، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا پچڕاند.
هەریەکە لە ئیمارات و بەحرێن لە ساڵی 2018دا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی ئەسەد ئاسایی کردەوە.
ساڵی رابردوو، ئەسەد سەردانی ئیماراتی کرد و ئەوەش بووە یەکەمین سەردانی لەدوای دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆی سووریا.
رۆژی 19ـی شوباتی 2023، شازادە فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە لە کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن گوتی، کۆدەنگییەک لە جیهانی عەرەبیدا هەیە سەبارەت بەوەی کە پەراوێزخستنی سووریا کارناکات و لە کاتی دیاریکراودا دانوستاندن لەگەڵ دیمەشق پێویستە، بۆ ئەوەی وەکو خۆی دەڵێت، هەر هیچ نەبێت کێشەی مرۆیی، لەنێویدا گەڕانەوەی پەنابەران چارەسەر بکرێن.
رۆژی 20ـی شوباتی 2023، بەشار ئەسەد سەردانی عومانی کرد و لەگەڵ سوڵتان هەیسەم، سوڵتانی وڵاتەکە کۆبووەوە.
لە دوایین پێشهاتیشدا، رۆژی یەکشەممە 26ـی شوباتی 2023، سەرۆکانی پەرلەمانی هەریەکە لە عێراق، ئوردن، فەلەستین، لیبیا، میسر و ئیمارات لەگەڵ ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی پەرلەمانی عومان و لوبنان وەکو بەشێک لە شاندێکی یەکێتیی پەرلەمانی عەرەبی سەردانی سووریایان کرد.