مەزڵووم عەبدی کوژرانی جێگرەکەی لەلایەن تورکیاوە راگەیاند

رووداو دیجیتاڵ 

سەلوە یوسف، جێگری مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە هێرشێکی درۆندا لەگەڵ دوو چەکداری پاسەوانی لە نزیک قامشلۆ کوژراون. 
 
رۆژی یەکشەممە 24-7-2022 مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە تویتێکدا کوژرانی سەلوەی پشتڕاستکردووەتەوە و رایگەیاند، لەلایەن تورکیاوە بە ئامانج گیراوە
 
فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێت، سەلوە ناوی "گیان عەفرین" بووە و سەرۆکی فەرماندەی ئۆپەرسیۆنە هاوبەشەکانی هەسەدە بووە لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی کاری کردووە و دژی داعش جەنگاوە. 
 
مەزڵووم عەبدی داوا لە هاوبەشەکانی دەکات ئەو کارە "دووژمنکارییانەی تورکیا" رابگیرێت و دەشڵێت "تۆڵەی شەهیدەکانمان دەکەینەوە." 
 
سوپای ئەمریکا سەرەخۆشی لە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان دەکات بەهۆی مەرگی سێ شەڕڤانەوە 

فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری ئەو شەڕڤانانە و خەڵکی رۆژئاوای کوردستان دەکات کە دوو رۆژ لەمەوبەر کرانە ئامانج و گیانیان لەدەستدا. 

رۆژی 22ی تەممووز، ئۆتۆمبێلێک لە رێگەی قامشلۆ کرایە ئامانج. هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە ئامانجکردنەکە لە لایەن درۆنێکی تورکیاوە بووە و لە ئەنجامدا سێ کەس بە ناوەکانی سەلوا و جانا و رووها گیانیان لەدەستداوە. 

هەسەدە دەڵێت، سەلوا لە ساڵانی رابردوودا لە نێو ریزەکانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان - یەپەژە رۆڵێکی دیاری هەبوو و زووش بووە فەرماندەیەکی "یەکەی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر" و لە زۆربەی شەڕەکانیشدا دژی داعش شەڕی کرد. 

هەر لەو بارەوە فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا ئەمڕۆ یەکشەممە 24-7-2022 تویتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "سەلوا سەرکردەیەکی دیاری هەسەدە بوو لە شەڕەکاندا دژی داعش، ئەوەش لە گەرمەی شەڕەکە لە ساڵی 2017 لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا". 

فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا دەڵێت، سەرەخۆشی خۆیان ئاراستەی کەسوکاری سەلوا و ئەو دوو شەڕڤانە، خەڵکی "باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و هاوبەشەکانمان لە هەسەدە دەکەین".