لە حەلەب شەڕ روویدا و 10 سەرباز و چەکدار کوژران


رووداو دیجیتاڵ 

لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانی نێوان سوپای سووریا و دەستەی تەحریری شامدا لە باکووری پارێزگای حەلەبی سووریا، لانیکەم 10 کەس کوژران. 
 
رۆژی هەینی، 24ـی ئاداری 2023، سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا بڵاویانکردەوە، لە ئەنجامی پێکدادانەکاندا، پێنج چەکداری دەستەی تەحریری شام و پێنج سەربازی سوپای سووریا کوژراون.
 
گرووپە چەکدارەکە کە لەلایەن ئەندامانی پێشووی قاعیدە لە سووریا سەرکردایەتی دەکرێت، بە هاوبەشی لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن نزیکەی نیوەی پارێزگای ئیدلبیان لە باکووری رۆژئاوای سووریا و ناوچەکانی دیکەی هاوسنوور لەگەڵ پارێزگاکانی حەلەب، حەما و لازقییەیان بەدەستەوەیە.
 
پێکدادانە خوێناوییەکە، بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان: "لەدوای ئەوە هات کە ئەندامانی گرووپەکە چوونەتە نێو پارێزگای حەلەبەوە." جگە لەوانەی کوژراون، "10 چەکداری گرووپەکە و شەش سەربازی سوپای سووریاش بریندار بوون."
 
لای خۆیەوە، میدیای نزیک لە دەستەی تەحریری شام رایگەیاند، چەکدارەکانی گرووپەکە هێرشیانکردووەتە سەر هێزەکانی سوپای سووریا و "پێگەکانی دووژمنیان گەمارۆ داوە و ژمارەیەکی زۆریان لێ کوشتوون و بریندار کردوون."  
 
نزیکەی سێ ملیۆن کەس لە پارێزگای ئیدلب دەژین. لەوانەش، نزیکەی نیوەیان ئاوارەن و بەهۆی شەڕی یەک دەیەی نێوخۆی وڵاتەکەوە ماڵەکانیان جێهێشتووە.
 
لەدوای ئەوەی لە سەرەتای شەڕی نێوخۆدا پاڵپشتیی لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە دژی حکومەتی سووریا کرد، ئەنقەرە بووە نەیارێکی سەرسەختی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد. 
 
لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوودا، وەزیرانی بەرگریی تورکیا و سووریا بە نێوەندگیریی مۆسکۆ کۆبوونەوە. ئەوەش بووە یەکەمین کۆبوونەوەی لەوجۆرە لەدوای ساڵی 2011ـەوە؛ هەوڵەکانیش بۆ کۆبوونەوەی نێوان وەزیرانی دەرەوەی هەر سێ وڵاتەکە بەردەوامن.