لە بەنداوی تشرین شەڕ و پێکدادان بەردەوامە
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە رووداوی راگەیاند، شەڕ و پێکدادان لە بەنداوی تشرین بەردەوامن و هۆشداری دا کە ئەگەر ئەم هێرشانە رانەوەستن، ناوچەکە لەبەردەم کارەساتێکی مرۆیی، ژینگەیی و ئابوورییە.
بەپێی هەمان سەرچاوە کە ئەمڕۆ دووشەممە زانیارییەکانی بە تۆڕی میدیایی رووداو داوە، هۆکاری راوەستانی کاری بەنداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو زیانانەی بەهۆی هێرشەکانەوە بەر بەنداوەکە کەوتووە، هەروەها بەشێک لە بەنداوەکە ژێر ئاو کەوتووە و ئەو ئامێرە کارەباییانەی کە بۆ کارکردنی بەنداوەکە پێویستن زیانیان پێگەیشتووە.
ئەو سەرچاوەیەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژەی بەوە داوە، ئێستا ملیارێک و 500 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە بەنداوەکەدا هەیە لە کاتێکدا کە دەتوانێت ملیارێک و 800 ملیۆن مەتر سێجا کۆبکاتەوە، بۆیە مەترسییەکی زۆر لە رووخانی بەنداوەکە و دروستبوونی لافاو و ژێرئاوکەوتنی زەوی و گوند و شارۆچکەکانی نزیک ئەو ناوچەیە هەیە.
بەنداوی تشرین لەنێوان منبج و کۆبانێیە و لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)یە. لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەدەوە و بە دیاریکراوی لە 10.12.2024ـەوە، گرووپە چەکدارەکان هێرش دەکەنە سەر ئەو بەنداوە و فڕۆکەکانی تورکیاش هاوکارییان دەکەن.
بەنداوەکە کارەبای سنووری کۆبانێ، منبج و گوندەکانی دەوروبەری دابین دەکات و 100 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرا، بەڵام توانای گشتی 600 مێگاوات بووە. ئێستا بەهۆی راوەستانی کار لە بەنداوەکە و ئەو زیانانەی پێی گەیشتووە، 14 رۆژە کۆبانێ، منبج و گوندەکانی دەوروبەریان بێ کارەبان.