هاکان فیدان لە دیمەشقەوە هەڕەشە لە پەکەکە و یەپەگە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
باوەشێکی گەرم و دۆستانەی هاکان فیدان و ئەحمەد شەرع لە دیمەشق دیمەنی رۆژی یەکشەممە بوو، ئەوە یەکەم سەردانی وەزیری دەرەوەی تورکیا بوو بۆ دیمەشقی پایتەختی سووریا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردایەتیی نوێی وڵاتەکە.
یەکێک لە مژارە سەرەکییەکانی سەردانەکە؛ بڕیاردانە لە چارەنووسی یەپەگە.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەستەی تەحریر شام رایگەیاند، "ئێمە بە هیچ شێوەیەک رێگەنادەین چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بێت، جا ئەوە گرووپە شوڕشگێڕەکان بن، یانیش لە ناوچەکانی هەسەدە، هەن. ئێمە دەبێت ئەم پرسە بەزووترین کات چارەسەر بکەین، چونکە چەکی دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت، دەبێتە هۆی دروستبوونی ناسەقامگیری لە وڵاتدا."
سەرکردایەتیی نوێی سووریا رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوو، لیژنەیەکی باڵای سەربازی پێکدەهێنرێت بۆ داڕشتنی پێکهاتەی نوێی سوپای سووریا و دوای ئەوەش گرووپە چەکدارەکان. یەک لەدوای یەک هەڵوەشاندەنەوەی خۆیان رادەگەیێنن.
جارێ دیار نییە، یەپەگە و هەسەدە بەو بڕیارەی ئیدارەی نوێ رازی دەبن یان نا.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، "دەبێ پەکەکە/یەپەگە خۆی بە زووترین کات هەڵبوەشێنێتەوە. هاوکات ئامادەین بەهێزترین پشتیوانی پێشکێش بکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش. رێگە نادەین پەکەکە/یەپەگە ئەم دۆخە بۆخۆی بقۆزێتەوە و خۆی بەسەر گەلی سووریا دا بسەپێنێت."
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە دژی شەڕێکی نوێن لەو سووریایەی نزیکەی 14 ساڵە شەڕی لێ نەبڕاوە.
تۆبیەس تانکڵ، بەرپرسی کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کردووە و باسی مەترسییەکانی شەڕێکی نوێیان کردووە.
ئەو بەرپرسە دەڵێت، "زیادبوونی پەرەسەندنەکان لەنێوان هەسەدە و ئەو هێزانەی لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن، بۆ خەڵکی سڤیل کارەساتبار دەبێت. هەروەها زیان بە هەوڵەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەدات لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، لەگەڵ بارگرانیش بۆ پرۆسەی سووریای نوێ دروست دەکات."
لەدوای رووخانی دەسەڵاتی 24 ساڵەی بەشار ئەسەد، لە 8ـی کانوونی دووەم، لە ماوەی ئەو دوو هەفتەیەدا، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سوپای نیشتمانیی سووریا کە نزیکن لە تورکیا، چەندین هێرشیان کردووەتە سەر هەسەدە لە باکووری سووریا و بەتایبەت لە نزیک منبج و بەنداوی تشرین و سنووری کۆبانێ.