ئەڵمانیا: زیادبوونی پەرەسەندەکان لەنێوان هەسەدە و ئەو هێزانەی تورکیا پاڵپشتییان دەکات کارەساتبار دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا قسە لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکات و رایدەگەیێنێت، باسیان لە زیادبوونی گرژییەکانی لە شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان کردووە و هۆشداریش دەدات لە دروستبوونی شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزە کوردییەکان و هێزەکانی لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن.
رۆژی یەکشەممە، 22ی کانوونی یەکەمی 2024، تۆبیەس تانکڵ، بەرپرسی کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، کردووە و باسیان لە مەترسییەکانی لە خراپبوونی دۆخی ئەمنی لە ناوچەکانی باکووری سووریا کردووە.
تانکڵ، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ عەبدی نووسیویەتی "لەو پەیوەندییەدا، لەگەڵ فەرماندە مەزڵووم عەبدی، باسم لە زیادبوونی گرژییەکان لە کۆبانێ کرد."
هەروەها، ئەو بەرپرسە باڵایەی ئەڵمانیا زیاتر باسی وردەکاریی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان خۆی و عەبدی دەکات و نووسیویەتی: "باسم لەو هەنگاوە بەپەلانە کرد کە پێویستن تاوەکو دۆخەکە هێور ببێتەوە. زیادبوونی پەرەسەندنەکان لەنێوان هەسەدە و ئەو هێزانەی لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن، بۆ خەڵکی سڤیل کارەساتبار دەبێت. هەروەها زیان بە هەوڵەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەدات لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، لەگەڵ بارگرانیش بۆ پرۆسەی سووریای نوێ دروست دەکات."
ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەی نێوان بەرپرسە باڵاکەی ئەڵمانیا و فەرماندەی گشتی هەسەدە، لەکاتێکدایە، رۆژی هەینی، 20ی کانوونی یەکەم، ئانالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەدوای کۆبوونەوەی سەرۆک کۆماری تورکیا لە ئەنقەرە، رایگەیاند، ئەوان لەگەڵ تورکیا هاوڕان و "دەبێت گرووپە کوردییەکان لە سووریا" لە چەک دابماڵدرێن و تێکەڵ بە هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی داهاتووی سووریا بکرێن."