دوای سێ رۆژ لە وەستانی، کارکردن لە بەندەری لازقییە دەستیپێکردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەندەری لازقییە رووداوێکی کاریگەری بەخۆیەوە بینی، کاتێک باوکی ئەحمەد کە کرێکارێکی کەشتییە بازرگانییەکانە دوای 10ساڵ دوورکەوتنەوە، گەڕایەوە بۆ بەندەرەکە. ئەم گەڕانەوەیەی هاوکات بوو لەگەڵ دەستپێکردنەوەی چالاکییە بازرگانییەکان دوای وەستانیان بۆ ماوەی سێ رۆژ.
 
عەبدوڵڵا یەحیا، ئەندازیاری کەشتیی بازرگانییە دەڵێت: "لێرە نزیکەی 10 ساڵ و لە تەرتووسیش نزیکەی ساڵ و نیوێک کارم کردووە، دوای ئەو دۆخەی بەرۆکی سووریای گرت توانای کارکردنمان نەبوو و کارەکانی بەندەرەکەش راوەستابوون، بە فڕۆکە هاتووچۆمان دەکرد و بەندەرەکە کاری تێدا نەدەکرا."
 
بەندەرەکە دەستی بە کارەکانی کردووەتەوە، جموجۆڵی بارکردن و دابەزاندنی بارەکان چالاکانە بەڕێوەدەچێت، ئەمەش چالاکی بازرگانیی بۆ ناوچەکە گەڕاندووەتەوە.
 
ئەحمەد شاعیر، کاپتنی کەشتییەکی بازرگانییە و دەڵێت: "نزیکەی سێ رۆژ کارمان راوەستا، بەڵام ئیدی بەندەری لازقییە کارکردن تێیدا ئاسایی بووەتەوە و ژیانی بۆ گەڕاوەتەوە لە جاران باشتر، ئێمە کەلوپەل دادەگرین، رێنمایی لە کۆمپانیاکەمانەوە دێت، ئێمە ئاسن، گەنمەشامی و چیمەنتۆمان بۆ دێت لە میسرەوە."
 
ئەم بەندەرە ناوەندێکی ستراتیژیی ئابوورییە کە پاڵپشتیی بازرگانیی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیی دەکات.
 
دوای راوەستانی بۆماوەی سێ رۆژ، کارکردن لە بەندەری مینا دەستیپێکردەوە، لەگەڵیشیدا جموجۆڵی بازرگانیی و ئابووری نێوخۆیی دەستیانپێکردووەتەوە، کەشتییەکان هاتووچۆ دەکەن و بار و کەلوپەلەکانیش بار دەکرێن.