سکرتێری ئەلپارتی: ئەنەکەسە لەگەڵمان کۆنابێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری پارتی دیموکراتی کورد (ئەلپارتی) رایگەیاند، لایەنەکانی نێو ئەنەکەسە ئامادە نین لەگەڵ لایەنەکانی دیکە رێکبکەون. دەشڵێت، زانیارییان هەیە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دیفاکتۆی سووریا دەیەوێت کورد یەک شاندی هەبێت.
رۆژی (یەکشەممە، 22-12-2024) نەسرەدین ئیبراهیم، سکرتێری پارتی دیموکراتی کورد (ئەلپارتی) میوانی بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال لە تۆڕی میدیایی رووداو بوو، نەسرەدین ئیبراهیم رایگەیاند، کوردی رۆژئاوای کوردستان پێویستان بە یەکڕیزی و یەکگوتار هەیە بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریا، وەکو لایەنەکانی نێو پەیەنەکە بە پێویستی دەزانن کورد بە یەک شاند بچێتە دیمەشق و بۆ ئەوەش ئامادەی رێککەوتنی بێمەرجن لەگەڵ ئەنەکەسە، بەڵام "تاوەکو ئێستا ئەنەکەسە ئامادە نییە رێکبکەوێت، بێئەوەی هۆکارێکیان هەبێت بۆ ئەمە".
سکرتێری پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا لە رێگەی رووداوەوە داوا لە لایەنەکانی نێو ئەنەکەسە دەکات، بەشداری لە دانوستانەکان بکەن و رێکبکەون، "هەر داواکارییەکیان هەیە، قسەی لەسەر دەکەین و رێککەوتنەکانی رابردوو دەکەینە بنەما".
نزیکەی 54 پارتی سیاسی لە رۆژئاوای کوردستان هەن، بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون، ئەوانیش ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ENKS) و پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانی کورد (PYNK).
دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی سووریا لە ساڵی 2011، ئەو دوو لایەنە چەند کۆبوونەوەیەکیان کرد و بە نێوەندگیریی سەرۆک مەسعود بارزانی رێککەوتنی دهۆکیان واژۆ کرد، بەڵام رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرا.
بەرپرسانی ئەنەکەسە دەڵێن، دەبێت هەسەدە و پەیەدە، بە راشکاوی بڵێن، ئەوان پەیوەندییان بە پەکەکەوە نییە، ئینجا دەست بە دانوستاندن دەکەن. نەسرەدین ئیبراهیم گوتی: "رۆژی هەینی گردبوونەوەیەکی گەورە لە قامشلۆ کرا، هیچ ئاڵا و وێنەیەک بەرزنەکرایەوە، جگە لە ئاڵای هەسەدە و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، هیچ ئاڵایەکی پەکەکە نەبوو و دروشمی پەکەکەش نەگوترایەوە، مەزڵووم عەبدیش بە رۆژنامەڤانانی گوتووە، پەیوەندییان بە پەکەکەوە نییە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش دروست بوون، کە ئێستا داعش نەماوە، بەرەو دیالۆگی نیشتمانی دەچن".
مەرجەعی کورد دیاری دەکەین
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، لە قامشلۆ لیژنەی گفتوگۆی حیزبە کوردییەکانی یەکێتی نیشتیمانی کورد (پەیەنەکە) کۆببێتەوە، ئامادەکارانی کۆبوونەوەکە دەڵێن؛ لەپێناو یەکڕیزی و یەکگرتوویی کورد گفتوگۆ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی مافە دیموکراتی و نەتەوەییەکانی کورد لە سووریای نوێ.
سەرۆکی ئەلپارتی بە رووداوی گوت: "ئەنەکەسەمان بانگهێشت کردووە، بەڵام وەڵامیان نەداوەتەوە، شێخ مورشید خەزنەوی لە هەوڵدایە ئەنەکەسە رازی بکات بەشداری کۆبوونەوەکە بکەن". گوتیشی "ئەگەر یەکلاببێتەوە ئەنەکەسە بەشداری ناکات و رێکناکەوێت، کۆنگرەیەکی نەتەوەیی بۆ دیاریکردنی مەرجەعی کوردی دەکەین".
دوای دروستبوونی شەڕی دژی داعش، هێزەکانی سووریای دیموکرات بە فەرماندەیی مەزڵووم عەبدی دروستکراوە و رۆڵێکی گەورەی لە شەڕی دژی تیرۆر گێڕاوە و پەیوەندییەکی نزیکیشی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە هەیە. دوای کەوتنی ئەسەدیش، وا چاوەڕوان دەکرێت، دانوستاندنەکانی کورد بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدی بکرێن. بەڵام سکرتێری ئەلپارتی دەڵێت "مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هەسەدەیە، بەڕێزەوە سەیری دەکەین، بەڵام دەبێت مەرجەعی سیاسیی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان دیاریبکرێت، بۆ ئەوەی بەناوی کوردەوە دانوستاندن لەگەڵ دیمەشق بکات، مەرجەعی کوردی دەبێت لەسەر بنەمای رێککەوتنی دهۆک پێکبێت، کە بەگوێرەی رێککەوتنەکە مەرجەعی کوردی دەبێت 40 کەس بێت. 20 ئەندامی ئەنەکەسە و 20 ئەندامی پەیەنەکە، ئەگەر مەرجەع دیاریکرا، ئەوان شاندێک پێکدەهێنن بۆ دانوستاندن".
وەک نەسرەدین ئیبراهیم زانیاریی دەستکەوتووە "ئەحمەد شەرع، کورد وەکو لایەنێکی ستەملێکراو دەبینێت، ئەویش دەیەوێت کورد یەک شاندی هەبێت".
بەنداوی تشرین مەترسیی رووخانی لەسەرە
هێزەکانی سوریای دیمووکرات (هەسەدە) رایگەیاند لە بەنداوی تشرین رووبەڕووی هێرشێکی گرووپە چەکدارەکان بوونەتەوە، بەهۆی هێرشەکانەوە دوێنێ پێنج شەڕڤان گیانیان لەدەست داوە و لە بەرامبەردا 52 چەکدار کوژراون.
بەنداوی تشرین لەسەر رووباری فورات دروستکراوە. بە دووریی 90 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری حەلەبەوە، دەکەوێتە رۆژهەڵاتی پارێزگەی حەلەب.
دوای کۆنترۆڵکردنی تەواوی شاری منبج لە رۆژئاوای رووباری فورات، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بەنداوەکە دەدەن. بەشی رۆژئاوای بەنداوەکە کەوتووەتە دەستی گرووپە چەکدارەکان و بەشی رۆژهەڵاتی لە دەستی هەسەدە دا ماوەتەوە.
لەبارەی بەنداوەکەوە، سکرتێری ئەلپارتی گوتی "هیچ ئاگربەستێک نییە لەبارەی بەنداوی تشرین، بەنداوەکە بە تەواوی لەکار کەوتووە و مەترسییەکی گەورەی رووخانی لەسەرە، زیانێکی گەورە دەنێتەوە و بووەتە هەڕەشەیەکی گەورە".
نزیکەی 6000 خێزان گەڕاونەتەوە عەفرین
لە دوای هێرشەکەی هەتەشە بۆ سەر سوپای سووریا و کەوتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، بەشێک لە ئاوارەکان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، لەوانە ئاوارەکانی عەفرین، کە لە 2018 بەهۆی ئۆپەراسیۆنی بەناو (چڵە زەیتوون)ـی تورکیا بۆ سەر شارەکە، ئاوارە بوون.
بەشێک لەو ئاوارانەی گەڕاونەتەوە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای نیشتمانی سووریا دەستگیرکراون، دوای ئەوەی سەرانەیان لێوەرگیراوە ئازاد کراون.
سکرتێری ئەلپارتی دەڵێت ئەوانەی گەڕاونەتەوە دۆخیان باشە، پێشتر نزیکەی 200 ئاوارە دەستگیرکرابوون، زۆرینەیان ئازاد کراون. گوتیشی: "تاوەکو ئێستا نزیکەی شەش هەزار خێزان گەراونەتەوە".