هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی: هانی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە سووریا دەدەین

 
رووداو دیجیتاڵ 

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش داوای کەمکردنەوەی گرژییەکان لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و سووریا دەکات. 
رۆژی سێشەممە، 22-11-2022 هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە تویتێکدا نووسی: "هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هانی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە سووریا دەدات. ئەم هێرشانە سەلامەتیی هاووڵاتیان و ئەو سەقامگیرییەی کە زەحمەت لە ناوچەکەدا بەدەستهاتووە، دەخاتە مەترسییەوە". 
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەروەها دەڵێت، ئەو هێرشانە کاریگەرییان لەسەر ئامانجە هاوبەشەکە دەبێت کە بریتییە لە تێکشکاندنی رێکخراوی داعش. 
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی تویتەکەی لە وەڵامی تویتێکی نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا کردووە کە دەڵێت: "حکومەتی ئەمریکا سەرەخۆشی لە گیانلەدەستدانی هاووڵاتیانی سڤیل لە سووریا و تورکیا دەکات" و هەربۆیە دەکرێت بەو جۆرە لێکدانەوەی بۆ بکرێت کە مەبەستی لێی بریتییە لەو بۆردوومان و تۆپبارانەی سێ رۆژە دەکرێتە سەر رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە سوپای تورکیا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی نوێی بە ناوی "چنگ - شمشێر" لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان راگەیاند و فڕۆکە جەنگییەکان و درۆنەکانیان لە بەرەبەیانی زوو، ژمارەیەک پێگەی پەکەکە و یەپەگەیان کردووەتە ئامانج.