هەژاری رێژەی سەڵتیی لە سووریا بۆ 70٪ بەرزکردووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

توێژینەوەیەک دەریدەخات، 70٪ـی هاووڵاتییانی سووریایی ژێر دەسەڵاتی ئەسەد، سەڵتن.
 
رەمەح جوما، هاووڵاتی سووریایی دەڵێ "بیرۆکەی هاوژینییمان رەتنەکردووەتەوە، بەڵام لەم دۆخە خراپە ئابوورییەی ئێستا، بیری لێ ناکەینەوە. لە 2011ـوە زەحمەتە بتوانیت ماڵت هەبێت و منداڵ بەخێوبکەیت، بۆیە بیر لە هاوژینی ناکەینەوە."
 
لە ناوچەکانی دەرەوەی دیمەشق، بەتایبەتی ئەوانەی خانووی زێدەڕۆیان تێدایە، خانووی کرێ مانگانە لانیکەم بە 100 دۆلارە. کڕینی خانوویەکی 100 مەتر دووجا لەو ناوچانە لە دوو ژوور و هۆڵێك پێکدێت، لانیکەم بە 15 هەزار دۆلارە.
 
ئەوە لەکاتێکدایە لە مانگی ئابی ئەمساڵدا حکومەتی سووریا مووچەی کارمەندانی بە 100٪ بەرزکردەوە، بەو حاڵەشەوە هێشتا مووچەی کارمەندێك لەنێوان 20 تاوەکو 50 دۆلاری ئەمریکیدایە.
 
عەلا، هاووڵاتیێکی دیکەی سووریاییەی و باس لەوە دەکات "ئەوەی، بیر لە هاوژینی دەکاتەوە، سەرەتا دەبێت خانوویەکی هەبێت، یان بە کرێ خانوو بگرێت، کە ئەوەش دیسانەوە گرانە و کەلوپەلی نێو ماڵیش بە ئەستەم دەکڕدرێت، ئەگەر حکومەتیش بە قەرز پارەکە بدات، ئەی باشە بە چ مووچەیەک دەتوانێت ئەو قەرزە بداتەوە ؟ بڕی مووچەکە کەمە."
 
شەڕی نێوخۆ و سزاکانی رۆژئاوا و ناسەقامگیریی سیاسی؛ ئابووری سووریای داڕماندووە. نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، 90٪ـی سووریاییەکان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.