خەڵکی سوەیدا: ئێمە داوای فیدراڵی دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
خەڵکی سوەیدا و چیای عەرەب راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و داوای فیدراڵی دەکەن.
لە راگەیێندراوەکەیاندا کە ئەمڕۆ چوارشەممە، بڵاویانکردووەتەوە، هاتووە، "بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێریی ئەو راپۆرتانە دەکەین کە لە سەرچاوەی باوەڕپێکراوەوە لە پارێزگاکەدا دەگەنە دەستمان، کە ئاماژە بەوە دەکەن ئەو شاندەی کە سەردانی ئەحمەد شەرع (ئەبو محەممەد جۆلانی)یان کردووە، لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی نزیک لە شێخ حیکمەت هیجری و لەنێویاندا کوڕی شێخ حیکمەت هیجری، بڕی 500 هەزار دۆلاری ئەمریکییان وەرگرتووە. ئەم هەنگاوە مەبەستی کڕینی هەڵوێستی سیاسیی خەڵکی سوەیدایە و هەوڵدانە بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانییان بۆ بەرەی نوسرە".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئێمە لەم جووڵانەدا هەڕەشەیەکی راستەوخۆ دەبینین بۆ سەر دەستکەوتە نیشتمانییەکانمان و هەوڵدانێک بۆ کەمکردنەوەی مافەکانی خەڵکی سوەیدا و چیای عەرەب، بەتایبەتی لە سایەی ئەو ترسانەی کە دەستەی تەحریری شام بڵاویان دەکاتەوە سەبارەت بە پڕۆژەی فیدراڵی کە خەڵکی سوەیدا داوای دەکەن وەک مافێکی سروشتی بۆ دڵنیابوون لە مافەکانی خۆیان و مافی هەموو پێکهاتەکانی سووریا".
راگەیێندراوەکەیان بە "هۆشداریيەکی تووند" بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە:
ئەم هەنگاوە گومانلێکراوانە هەوڵدانن بۆ:
1- لەنێوبردنی دەستکەوتەکانی خەڵکی سوەیدا و چیای عەرەب:
ئەو پرۆژە فیدراڵییەی کە بانگەشەی بۆ دەکەین بەشێکە لە خەباتمان بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی هەموو سوورییەکان، نەک ئامرازێک بێت بۆ خزمەتکردنی ئەجێندای دەرەکی یان سەپاندنەوەی دەسەڵاتێکی ناوەندیی سەرکوتکەر.
2- لاوازکردنی پێگەی نیشتمانیمان:
مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی وەکو جۆلانی، کە پەیوەندییان بە تیرۆر و تووندڕۆیی هەیە، هەڕەشە لە پێگەی نیشتمانی و خەباتی رەوای ئێمە دەکات.
3- راکێشانی سوەیدا بۆ ناو ململانێی گومانلێکراو:
ئەم هەنگاوانە مەبەستیان تێوەگلاندنی سوەیدایە لە حیساباتی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئێمە ناکات، هەروەها گۆڕینی ناوچەکەمان بۆ گۆڕەپانی ململانێ لەسەر حیسابی ماف و خواستە نیشتمانییەکانمان.
بانگەوازی ئێمە وەک خەڵکی سوەیدا:
1- رەتکردنەوەی هەر هاوکارییەک لەگەڵ جۆلانی یان هێزە تووندڕۆکان:
ئێمە وەکو خەڵکی سوەیدا بە تووندی هۆشداری دەدەین لە قبووڵکردنی هەر پشتیوانی و هاوکارییەک لەگەڵ دەستەی تەحریری شام یان هەر لایەنێک کە ئەجێندای گومانلێکراوی هەیە، چونکە ئەوە تەنیا دەبێتە هۆی لەنێوبردنی ماف و دەستکەوتەکانمان.
2- پێداگری لەسەر داواکارییەکانی داڕشتنی دەستوورێکی نوێ:
جەخت لەوە دەکەینەوە کە تاکە چارەسەر بۆ داهاتووی سووریا و گەرەنتیکردنی مافەکانی خەڵکی سوەیدا و هەموو سووریاییەکان، داڕشتنی دەستوورێکی نوێیە کە دادپەروەری و یەکسانی لە نێوان هەموو پێکهاتە و تایفەکان مسۆگەر بکات.
3- بەهێزکردنی یەکڕیزیی ناوخۆیی خەڵکی سوەیدا:
داوا لە خەڵکی خۆمان لە سوەیدا دەکەین بە یەکڕیز دژی ئەم جووڵە گومانلێکراوانە بوەستنەوە و یەکڕیزبن بۆ پاراستنی یەکێتی ناوخۆیی و دەستکەوتە نیشتمانییەکانمان.
جەخت دەکەینەوە کە ئێمە وەک نەوە و کوڕەزاکانی سوڵتان پاشا ئەترەش لە سوەیدا و چیای عەرەب، بە تووندی رەتیدەکەینەوە هەر هەوڵێک بۆ تێوەگلاندنمان لە رێککەوتن لەگەڵ جۆلانی یان هەر هێزێکی تووندڕۆی دیکە، ئەم جووڵانە بە خیانەت لە خواستە نیشتمانییەکانمان دەزانین. رێگە نادەین ناوچەکەمان ببێتە گۆڕەپانی دەسەڵاتی گرووپە تیرۆریستییەکان یان سەکۆیەک بۆ سەپاندنەوەی دەسەڵاتی ناوەندی سەرکوتکەر بەسەر سووریادا.
مافە رەواکانمان تەنیا لە رێگەی پرۆژەیەکی نیشتمانیی گشتگیر دەپارێزرێت، کە مافی هەمووان لەژێر سێبەری دەستوورێکی دادپەروەرانەدا مسۆگەر دەکات. چیای عەرەب هەمیشە قەڵای شکۆمەندی و ئازادی دەمێنێتەوە و میراتی خۆی و مێژووی خۆی لەپێناو بەڵێنە ساختەکان یان پارەی گومانلێکراودا نافرۆشێت.
پارێزگەی سوەیدای باشووری سووریا، زۆرینە لە نەتەوەی درووزن. ئەوان خۆیان بە پێکهاتەیەکی جیاواز دەزانن و داوای "مافی خۆیان" لە سووریای نوێ دەکەن.
هەرچەندە رۆژی 14-12-2024، ئەحمەد شەرع، فەرماندەی گشتیی دەستەی تەحریری شام رایگەیاند، "ئیدارەی نوێ پەیوەندی بە کریستیان و درووزەکانیشەوە دەبێت"، بەڵام ئەوان نایانەوێ بە ئاسانی بڕوا بە بەڵێنەکان بکەن و پێیانوایە هەر کەسایەتییەک بەناوی درووزەکانەوە دانوستاندنی کردبێ، ناپاکی کردووە.