بەهای ملیۆنێک لیرەی سووری بۆ نزیکەی 500 هەزار دینار دابەزی

رووداو دیجیتاڵ
 
دوای بەرزبوونەوەی بەهاکەی لە چەند رۆژی رابردوودا، ئەمڕۆ ئێوارە لە کاتی داخستنی بازاڕەکاندا بەهای لیرەی سووری دابەزی. گوتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێریش دەڵێت، "ئەمڕۆ ئێوارە بەراورد بە بەیانیەکەی یەک ملیۆن لیرە نزیکەی 200 هەزار دابەزیوە".
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی کانوونی یەکەمی 2024، سیامەند مەولوود، گوتەبێژ و سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نرخی یەک ملیۆن لیرەی سووری، ئەمڕۆ ئێوارە لە کاتی داخستنی بازاڕ بە نزیکەی 400 هەزار مامەڵەی پێوە دەکرا".
 
سیامەند مەولوود گوتی، "جارێ دیار نییە ئاخۆ ئەمریکا پشتگیری حکومەتی نوێی سووریا دەکات یاخود نا، ئەگەر پشتگیری بکات بێگومان پاڵپشتیی داراییشی دەکات، بەڵام پێچەوانەکەشی ئەگەری هەیە بۆیە جارێ دیار نییە و ناتوانین بە خەڵک بڵێین بکڕن یاخود نا".
 
ئەمە لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ بەیانییەکەی رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی، بە رووداوی گوت، "یەک ملیۆن لیرەی سووری، ئەمڕۆ بە 520 هەزار دینار بەردەستە لە بازاڕدا".
 
هاوکات هەڵکەوت عەزیز، نێردراوی رووداو لە دیمەشقەوە گوتی، "لە پایتەختی سووریا لە کاتی داخستنی بازاڕ یەک ملیۆن لیرە بە 100 دۆلار بوو (150 هەزار دینار)".
 
پێش رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لە 8.12.2024، ملیۆنێک لیرە بە 100 هەزار دینار بوو، دواتر چەند جارێک گۆڕانکاری بەسەر بەهاکەیدا هات، دوێنێ بۆ یەکەم جار بەهای یەک ملیۆن لیرەی سووری گەیشتە 700 هەزار دینار.