دەستوورى کاتیی سووریا رەخنەى کورد و تێبینى لایەنە سووریاییەکانی لێدەکەوێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد شەرع، دەستووری کاتیی سووریای واژۆکرد، ئەمە یەکەم هەنگاوە بۆ دۆخى دەستوورى پێنج ساڵى داهاتووى قۆناخى راگوزەر لە سووریا. هەنگاوەکە کاردانەوەى لایەنە سیاسییەکانى لێکەوتەوە، هەندێکیان چاوەڕێى هەنگاوى کردارین، بەشێکی دیکە تێبینییان لەسەر ئەو بۆشاییانە هەیە کە دەستورەکە بەجێى هێشتووە.
نەسر عومەر، سەرۆکى پارتى کۆماریی سووریا لەوبارەوە دەڵێت، "راگەیێنراوى دەستوورى باشترین ئەنجامە لە دواى 14 ساڵ کە تیایدا شەڕ و شۆڕشى سووریا لە دژى رژێمى پێشوو بەرپا بوو، بەشێوەیەکى گشتى هەندێک لە ماددەکانیم پێ باش بوو لەوانە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى گەل کە لە 100 ئەندام پێک دێت لەگەڵ لێپرسینەوە لە وەزارەتەکان و گواستنەوە بۆ قۆناخێکى راگوزەر نەک بۆ قۆناخى تۆڵەسەندنەوە، لە دواى 14 ساڵ ئەمە بۆ ئێمە ئەوەیە کە بەگشتى گەلى سووریا هەوڵیان بۆ دەدا، کە نوێنەرایەتى گشتگیر هەبێت بۆ هەموو پێکھاتەکانى گەلى سووریا."
لەو دەستورە کاتییە نە پەرلەمان دەتوانێت سەرۆککۆمار لا بدات، نە سەرۆککۆماریش دەتوانێت پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە. دادگەی باڵاى دەستوورى پێکدەهێنرێت کە پرسە یاسایی و دەستورییەکان یەکلا دەکاتەوە.
باسل کوەیفی، سەرۆکى کوتلەى نیشتمانیی دیموکراتى لە سووریا لەبارەی دەستوورە کاتییەکەوە دەڵێت، "بۆشاییەک هەبوو کە پرسى دیموکراسییە کە دەبوو بەشێوەیەکى روون ئاماژەى پێبدرایە لەو دەستوورەدا، لەگەڵ هاووڵاتیی بوون کە بڕگەیەکى تێدایە لەبارەى یەکسانى لە ئەرک و مافدا، بەڵام دەبوو بەشێوەیەک ئاماژەى پێبکرایە شایەنى شرۆڤەکردن نەبوایە، لامەرکەزى پێویستى و گرنگە، بەڵام لامەرکەزى بۆ پاراستنى یەکپارچەیی سووریا دەبێت کارگێڕی بێت."
دەستوورە کاتییەکە کاردانەوەی نەرێنیی لە رۆژئاوای کوردستان لێکەوتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاواى کوردستان ئەو دەستوورەى رەتکردەوە و رایگەیاند، "ئەم هەنگاوە جارێکی دیکە پێچەوانەی راستیی سووریا و فرەیی بوونی ئەم وڵاتەیە، هەروەها ساختەکردنێکی راستەقینەی ناسنامەی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی سووریایە و ئەم راگەیاندنە پێوەرەکانی فرەچەشنی نیشتمانیی سووریای تێدا نییە و لە بەشداری راستەقینەی پێکهاتە نیشتمانییەکانی سووریا بەتاڵە و گوزارشت لە 'عەقڵیەتی تاکڕەوی' دەکات و گوزارشت لە خواستەکانی گەلی کورد ناکات."