هێزەکانی هاوپەیمانان لە سووریا بە مووشەک کرانە ئامانج
رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەڵێت، شەوی رابردوو بنکەیەکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور کراوەتە ئامانج.
رۆژی سێشەممە، 14ـی ئاداری 2023، هاوپەیمانیی نێودەڵەتیی دژی داعش لە راگەیێندراوێکدا گوتی کە شەوی رابردوو "کاژێر 9:00ی شەو بەکاتی نێوخۆ [هەمان کاتی هەولێر] دوو رۆکێتی 107 مللیمی، هێزەکانی هاوپەیمانانی لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور کردە ئامانج".
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی باس لەوەش دەکات، هێرشەکە نەبووەتە هۆی برینداربوونی کەس و هیچ زیانێکی ماددیشی نەبووە و لێکۆڵینەوەیان لە هێرشەکە دەستپێکردووە.
جۆناسن فێرەر، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق و سووریا دەڵێت: "هێرشی لەمجۆرە، هێزەکانی هاوپەیمانان، هاوبەشەکان و سڤیلیش دەخەنە مەترسییەوە و ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەش بنپێ دەکەن."
پێشتر چەند جارێک بنکەی گوندی سەوزی هاوپەیمانان کە دەکەوێتە نزیک کێڵگەی نەوتی عومەر لە رۆژهەڵاتی پارێزگای دێرەزووری سووریا کراوەتە ئامانج. ئەو ناوچەیە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدەدایە و سوپای ئەمریکاشی تێدایە.
لە هێرشەکانی پێشتردا، بە زۆری پەنجەی تۆمەت بۆ هێزەکانی حیزبوڵڵا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران درێژکراوە و زۆرجاریش حیزبوڵڵا خۆی بەرپرسیاریێتیی ئەنجامدانی هێرشەکانی لەئەستۆ گرتووە.