رێڤەبەری خۆسەر: بەندەکانی راگەیێندراوی دەستووری دوورن لە سووریا و ئاواتی گەلەکەی

رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتی هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا رەخنەی تووند لە راگەیێندراوی دەستووری کاتیی سووریا دەگرێت و دەڵێت: هاوشێوەی پێوەر و ستانداردەکانی پەیڕەوکراوی حکومەتی بەعسە.
بەڕێوبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتی هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا راگەیێندراوێکی لەبارەی راگەیێندراوی دەستووری سووریا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دوای چەند مانگێک لە رووخانی رژێمی بەعس و خۆشحاڵی گەلی سووریا کە دژی ئەم رژێمە و کردەوە سەرکوتکارییەکانی راپەڕی، "ئەمڕۆ لە دیمەشق ئەوەی کە بە "راگەیێندراوی دەستووری" ناودەبرێت دەرچوو، کە بەندگەلی نەریتی لەخۆدەگرێت کە هاوشێوەی پێوەر و ستانداردەکانی پەیڕەوکراوی حکومەتی بەعسە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ى ئادارى 2025، کۆمیتەى پسپۆڕانى راسپێردراو بۆ داڕشتنى راگەیێندراوى دەستوورى سووریا، رەشنووسەکەیان رادەستی ئەحمەد شەرع کرد.
دوای پەسندکردنی راگەیێندراوەکەی دەستوور و واژۆکردنی، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆمارى سووریا گوتى "هیواخوازین ئەو دەستوورە دەروازەیەکى خێر بێت بۆ گەلى سووریا بۆ بونیاتنان و گەشەسەندن، ئەمە ببێتە مێژوویێکى نوێ بۆ سووریا کە نەزانى بگۆڕدرێت بۆ زانست و ئەشکەنجە بگۆڕین بە بەزەیی".
رێڤەبەری خۆسەر دەڵێت: "ئەم هەنگاوە جارێکی دیکە پێچەوانەی راستیی سووریا و فرەیی بوونی ئەم وڵاتەیە، هەروەها ساختەکردنێکی راستەقینەی ناسنامەی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی سووریایە، چونکە ئەم راگەیاندنە لە نیشانە و رووحی خەڵکی سووریا و پێکهاتە جیاوازەکانی وەک کورد و تەنانەت عەرەب و سریان و ئاشوور و پێکهاتە نیشتمانییەکانی دیکەی سووریا بێبەشە".
لە راگەیێندراوەکەی رێڤەبەری خۆسەردا هاتووە: ئێمە لە بەڕێوبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتی هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا جەخت دەکەینەوە کە سووریا ئەمڕۆ پێویستی بە یەکگرتن و یەکڕیزی رۆڵەکانییەتی بۆ دیاریکردنی داهاتووی دیموکراتی خۆیان و بەشداری نیشتمانیی سووری کە بەشداری لە نیشتماندا بەهێز دەکات.
"هەروەها جەخت دەکەینەوە کە ئەم راگەیاندنە پێوەرەکانی فرەچەشنی نیشتمانی سووریای تێدا نییە و لە بەشداری راستەقینەی پێکهاتە نیشتمانییەکانی سووریا بەتاڵە، بۆیە جارێکی دیکە ئەم راگەیێندراوە گوزارشت لە 'عەقڵیەتی تاکڕەوی' دەکات کە درێژەی حاڵەتی پێشووی سووریایە کە گەل دژی راپەڕی". بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتی هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا ئاماژە بەوە دەکات، ئەم راگەیاندنە گوزارشت لە خواستەکانی گەلەکەمان ناکات و درک بە ناسنامە رەسەنەکەی سووریا ناکات و بە شێوە و چوارچێوەیەکی "تێکدەری هەوڵەکانی بەدیهێنانی دیموکراسی راستەقینە لە سووریا" دادەنرێت.
دەشڵێت: "بەندەکانی لە سووریا و ئاواتی گەلەکەی دوورن. چونکە دەستووری راستەقینە ئەوەیە کە هەموو پێکهاتەکان تێیدا بەشدار دەبن و لەسەری رێکدەکەون وەک رێڕەویی دیموکراتی بەردەوام بۆ داهاتووی سووریا و نەوەکانی داهاتووی. هیوادارین هەندێک کردەوە و بیرۆکەی تەسک نەمانبەنەوە بۆ خاڵی سفر، چونکە ئەمە جارێکی دیکە برینی سووریا دەکولێنێتەوە".