رێبەری دروزەکان: حکومەتی ئێستای سووریا تووندڕۆیە

رووداو دیجیتاڵ
رێبەری دروزەکانی سووریا رایگەیاند، حکومەتی ئێستای سووریا "حکومەتێکی تووندڕۆیە".
شێخ حیکمەت هەجەری، رێبەری دروزەکانی سووریا ئەو قسانەی لە کۆبوونەوەیەکدا کرد لەگەڵ کەسایەتییە دروزەکان.
سەمیر عەزام، رێکخەری کۆمەڵەی سووریی سیکۆلار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: رێبەری دروزەکان ئەمڕۆ (پێنجشەممە) ئەو قسانەی کردووە.
شێخ حیکمەت هەجەری دەڵێت "حکومەتی ئێستای سووریا حکومەتێکی تووندڕۆیە و حکومەتی سووریا لەلایەن دادگەی نێودەوڵەتییەوە داوا دەکرێت."
رێبەری دروزەکان ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە هیچ رێککەوتنێکمان لەگەڵ شام نەکردووە و ئێمە لە بوون و نەبووندا دەژین، چی بۆ دروزەکان باشە ئەوە دەکەین."
رۆژی 9-3-2025، لەبارەی رووداو و شەڕە نێوخۆییەکەی سووریاوە، شێخ حیکمەت هەجەری، سەرکردەی رۆحیی دروزەکان داوایکرد کۆتایی بە تووندوتیژی بهێنرێت.
ئەو لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ئەو ئاگرەی بە درووشمی تایفی هەڵگیرساوە، هەموو سووریا و خەڵکەکەی دەسووتێنێت."
دروزەکان نزیکەی 4٪ـی دانیشتووانی سووریا پێکدەهێنن و پارێزگای سوەیدا چەقی ناوچەکەیانە. ئەوان موسڵمانن و خاوەن مەزهەبێکی تایبەتی خۆیانن کە بە تائیفەی موەحدین ناسراون.