راگەیێندراوى دەستوورى سووریا: رێککەوتنی سەرۆککۆمار و هەسەدە کاریگەری نەبوو لەسەر نووسینی دەستووری کاتی

عەبدولحەمید عەواک و ریعان کحێلان، دوو ئەندامى کۆمیتەی دەستوورى سووریا.
رووداو دیجیتاڵ
 
کۆمیتەى داڕشتنى راگەیێندراوى دەستوورى سووریا رایگەیاند، نە پەرلەمان دەتوانێت سەرۆککۆمار لابدات، نە سەرۆککۆمار دەتوانێت پەرلەمان هەڵبوشێنێتەوە و بەم نزیکانە حکومەتێک بۆ قۆناخى راگوزەر و دادگەى دەستوورى پێکدەهێنرێت.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ى ئادارى 2025، کۆمیتەى پسپۆڕانى راسپێردراو بۆ داڕشتنى راگەیێندراوى دەستوورى سووریا کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانییان لە دیمەشقى پایتەخت لە بارەى ناوەڕۆکى ئەو دەستوورە کرد.
 
عەبدولحەمید عەواک، ئەندامى کۆمیتەکە رایگەیاند، راگەیێندراوى دەستوورى لەسەر بنەماى سەرۆکایەتی و جیاکردنەوەى دەسەڵاتەکانە کە تیایدا نە پەرلەمان دەتوانێت سەرۆککۆمار لابدات، نە سەرۆککۆمار دەتوانێت پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە.
 
عەبدولحەمید عەواک گوتى، "راگەیێندراوێکى دەستوورى، لەسەر بنەما گشتییەکان کاردەکات، بەوپێیەى کۆمیتەکە هەڵبژێردراو نییە و راگەیێندراوە دەستوورییەکەش ناخرێتە گشتپرسیەوە".
  
ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ى ئادارى 2025، کۆمیتەى پسپۆڕانى راسپێردراو بۆ داڕشتنى راگەیێندراوى دەستوورى سووریا، رەشنووسى ئەو دەستوورەى رادەستى ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆمارى سووریا بۆ قۆناخى راگوزەر کرد.
 
عەبدولحەمید عەواک رایگەیاند، ئەو سیستمە سیاسیە هاوکارى سەرۆککۆمار دەبێت بەوەى دەسەڵاتەکان لە دەستى یەکێکدا بێت و ئەویش تواناى جوڵەى هەبێت بۆ ئەوەى بتوانێت بەربەستەکان لابدات.
 
ئەو دەستوورە بۆ قۆناخى راگوزەرە کە ماوەى پێنج ساڵە، تاوەکو هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت و دەنگ لەسەر دەستوورێکى هەمیشەیى دەدرێت.
 
کۆمیتەی دەستووریی سووریا دەڵێت، "دەستوورمان بە جۆرێک داڕشتووە کە رێگە بە دروستبوونی دیکتاتۆر نەدات". هەروەها دەشڵێت، رێککەوتنی سەرۆککۆمار و هەسەدە کاریگەری نەبوو لەسەر نووسینی دەستووری کاتی.
 
عەبدولحەمید عەواک گوتى: "لە دواى واژۆکردنى راگەیێندراوى دەستوورى لەلایەن سەرۆککۆمارەوە، دەکەوێتە بوارى جێبەجێکردن و بەم نزیکانەش حکومەتى راگوزەر پێکدەهێندرێت".
  
راگەیێندراوى دەستوورى بۆ قۆناخێکى دیاریکراوە و وەک دەستوورى کاتى مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت، دواى ئەوەى لە مانگى کانوونى دووەمى 2025 دەستورى سووریا هەڵپەسێردرا کە لە 2012ـەوە کارى پێ دەکرا.
  
ریعان کحێلان، کە ئەندامێکى دیکەى کۆمیتەى نووسینەوەى راگەیێندراوى دەستوورى سووریایە ئاماژەى بەوەدا، سەرجەم بڕیارە هەڵاوێردەکانى دەسەڵاتى پێشوو هەڵوەشێنرانەوە کە ببوونە هۆى ئازار و کۆژان بۆ گەلى سووریا.
 
ریعان کحیلان گوتى: "لە راگەیێندراوى دەستووریدا ئازادى بۆ سەرجەم پێکهاتەکانى سووریا دەستبەرکراوە، دادگەیەکى دەستوورى باڵا پێکدەھێندرێت و سەرۆککۆمار ئەندامەکانى پێکدەهێنێت بۆ ئەوەى ئەو دادگەیە لایەنى پەیوەندار بێت بە ئاستى دەستووریى یاساکان و لێپرسینەوە لە سەرۆککۆمار".