مەزڵووم عەبدی: هێزێکی سووریایین و ئاڵای سەربەخۆیی سووریا هەڵدەکەین
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە رایگەیاند، هەڵکردنی ئاڵای سەربەخۆیی بۆ ئێمە کارێکی نوێ نییە و پێشتر هەڵمانکردووە، "ئێمە هێزێکی سووریایین و لەسەر ئەو بنەمایە بڕیارمان داوە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەزڵووم عەبدی رایگەیاند، "هەڵکردنی ئاڵای سەربەخۆیی سووریا بۆ ئێمە شتێکی نوێ نییە، پێشتر لە کۆنگرەی یەپەگەدا ئەو ئاڵایەمان هەڵکردبوو. ئێستا بەشێکی زۆری هێزەکانی نێو هەسەدە ئەو ئاڵایە هەڵدەکەن".
مەزڵووم عەبدی گوتی: "لە شەڕی نێوخۆی سووریادا، وڵاتەکە بووە دوو بەش، بەشێکی ئاڵای بەعس (سووریای سەردەمی بەشار ئەسەد)ی هەڵدەکرد کە بەشێکی زۆر بوون، بەشێکی دیکەش ئاڵای سەربەخۆیی سووریایان هەڵدەکرد".
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە نەمانویست ببینە بەشێک لەو ململانێ و شەڕە نێوخۆییەی لەنێو گرووپەکاندا هەبوو، ئێمە ئاڵای تایبەتی خۆمان هەڵکرد، بەڵام ئێستا رەوشەکە گۆڕاوە و گەلی سووریا بە گشتی لەسەر ئاڵایەک کۆکن کە ئاڵای سەربەخۆییە".
لەبارەی گونجاویی ئاڵاکەوە بۆ ئەوان (هەسەدە) مەزڵووم عەبدی جەختی لەوە کردەوە، "ئاڵای سەربەخۆیی سووریا بۆ ئێمەش گونجاوە، چونکە ئاڵای سەربەخۆیی، ئاڵای کۆماری عەرەبیی سووریا نییە، ئەوە ئاڵای کۆماری سووریایە و هەموو پێکهاتەکان دەگرێتەوە".
لەبارەی بڕیارەکەشیانەوە گوتی: "هەڵکردنی ئاڵای سەربەخۆیی بڕیارێکی دروستە، چونکە ئێمە هێزێکی سووریایین و لەسەر ئەو بنەمایە بڕیارمان داوە".