سووریا ئامادەیە گفتوگۆ لەسەر خۆسەریی رۆژئاڤا بكات

رووداو – هەولێر

یەكەم هەڵوێستی حكومەتی سووریا لەسەر ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان لە سەر زاری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ئاشكرا كرا و لە هەڤپەیڤینێكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند ئیدارەی خۆسەر لە چوارچێوەی سنووری سووریا قابیلی گفتۆگۆ لەسەركردنە.

تا دوێنێ‌ پرسی كورد لە سووریا هێڵی سوور بوو، بەرپرسانی سووری، كورد و ئیدارەدانی ناوچەكانیان بە بەشێكی دانەبڕاو لە "یەكپارچەیی خاكی سووریا" دەزانی، بەڵام هەفتەی رابردوو وەلید موعەلیم، وەزیری دەرەوەی سووریا بۆ یەكەمجار رایگەیاند ئامادەن گفتوگۆ لەسەر ئیدارەی خۆسەر بكەن، بەڵام لە چوارچێوەی سنووری سووریا.

لەدوای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی سووریا، حكومەتی سووریا سوپاكەی لە شارەكانی رۆژئاوای كوردستان كشاندەوە، كورد لەوێ‌ ئیدارەی خۆسەر (ئیدارەی زاتی) یان دروستكرد، سەرەتا سێ‌ كانتۆنیان بەناوی (جزیرە، عەفرین و كۆبانێ‌) ئاوا كرد، هەروەها هێزی ئاسایشییان دامەزراند، لە دوایین هەنگاویشیدا لە كۆتایی مانگی رابردوو  ئەنجوومەنی كۆمینی بۆ گوندەكان هەڵبژارد.

پێشتر بەرپرسانی سووریا چەند جارێك لە لێدوانە رۆژنامەڤانییەكانیان جەختیان لەوە كردبووەوە كە هەر كاتێك رەوشی ئەمنیی سووریا باشبوو و گروپە توندڕەوەكان لە نێوبران دەگەڕێنەوە ناوچەكانی باكووری سووریا (رۆژئاوای كوردستان). بەڵام وەلید موعەلیم هەفتەی رابردوو لە چاوپێكەوتێنێكدا لەگەڵ كەناڵی (RT)ی رووسی رایگەیاند گفتوگۆ لەسەر "ئیدارەی زاتی" قابیلی قبوڵە.

چاودێران پێیانوایە ئەم گۆڕانكارییە لە هەڵوێستی حكوومەتی سووریا، لەگوشارە بەردەوامەكانی رووسیاوە سەرچاوەی گرتووە كە مۆسكۆ بەردەوام هەوڵدەدات كورد لە سووریا نزیك بكاتەوە، دوای ئەوەی لایەنی دووەم هاوپەیمانێتییەكی بەهێزی لەگەڵ ئەمریكییەكان سازكرد. 

د. محەممەد خێر عەككام، ئەندامی ئەنجوومەنی گەلی سووریا لەو بارەیەوە بە (رووداو)ی گوت "حكومەتی سووریا دانوستاندن لەگەڵ كوردی سووریا ناكات، بەڵكو دیالۆگیان لەگەڵدا دەكات. چونكە كورد بەشێكە لە پێكهاتەی كۆمەڵگەی نیشتمانیی سووری. واتە ئەمەیان دیالۆگی سووری – سوورییە لە نێوان حكومەت و پێكهاتەیەكی سەرەكیی لە دەوڵەتی سووریا كە كوردە. دەشكرێت رێككەوتن لەسەر چەندین پرسی جیاوازیش بكرێت لە رێگەی دیالۆگێكی نیشتمانی لە چوارچێوەی خاكی سووریا".

سەبارەت بە قسەكانی وەلید موعەلیم، ئەو پەرلەمانتارەی حكومەتی سووریا كە ئەندامی شاندی حكومەتی سووریایە لە كۆبوونەوەكانی جنێڤ، دەڵێت "گەلی لە ماوەی سەد ساڵی رابردوودا رووبەڕووی پشتگوێخستن بوونەتەوە و ئێستاش لەگەڵ برا عەرەبەكانیان لەم ناوچەیەدا دەژین. كاتێك بەڕێز وەلید موعەلیم، وەزیری دەرەوەی سووریا لەبارەی دیالۆگ لەگەڵ پێكهاتەی كوردی قسەی كرد، مەبەستی ئەوە بووە كە ئەم پێكهاتەیە لەلایەكی دیكە بەكارنەهێندرێت، بۆ بەجێگەیاندنی بەرژەوەندی تایبەتی لایەنێك".

ناوچەی ئیدارەی زاتی لە باكووری سووریا كە كورد پێیدەڵێن رۆژئاڤا، بەشێوەیەكی نا فەرمی لە نۆڤەمبەری 2013 لە دوای كشانەوەی هێزەكانی سووریا لەو ناوچانە راگەیەنرا. بەڵام لەلایەن حكومەتی سووریاوە دانی پێدانەنراوە و هێشتا هەندێك لە دەزگا ئەمنییەكانی سووریا لەو ناوچانە ماون.

ئەو پەرلەمانتارەی سووریا رەتیكردەوە قسە لەسەر خۆسەریی رۆژئاوای كوردستان بكرێ‌ و گوتی "خۆسەری ئەمری واقیعە و هیچ بنەمایەكی یاسایی و دەستووری نییە. ئەو ئیدارەیەی لە باكووری سووریا بەڕێوەدەبردرێت هیچ رەواییەكی نییە، چونكە لەسەر بنەمای دیالۆگ لەگەڵ حكومەتی سووریا دانەمەزراوە". گوتیشی "بەڵام لە هەمانكاتدا دەكرێ‌ لەسەر بنەمای دیالۆگی نیشتمانیی، ئەزموونی ئیدارەی ناوخۆیی بۆ خۆسەری برەوی پێ بدرێت و دەشكرێت دیالۆگ بكرێت لەسەر هەموو خاڵەكان لە چوارچێوەی خاكی سووریا".

عەككام كە چەندینجار لەو كۆبوونەوانەی لە دەرەوە بۆ چارەسەری پرسی سووریا دەكرێن، لەگەڵ بەرپرسانی كورد دانیشتووە، رەخنە لە ئیدارەی رۆژئاڤا دەگرێت و دەڵێت "كاتێك شاندی حكوومەتی سووریا لە مۆسكۆ بوو، ساڵح موسلیمیش لەوێ بوو، لەوێ‌ دیالۆگ لەنێوانمان دەستی پێكرد. دیالۆگ بەردەوام بوو بۆ ئەوەی هاوئاهەنگی تەواو دروستبكرێت، بەڵام بەمدواییە پێكهاتەی كوردی بژارەی ئەمریكییەكانی پێ باشبوو، ئەمەش بۆ ئێمە كارێكی سەیر بوو. چۆن لەگەڵ ئەمریكا هاوپەیمانی دروست دەكەن و هاوئاهەنگی لەگەڵ حكوومەتی سووریا پێكناهێنن. ئەمریكا، بێبەرامبەر هیچ شتێكیان پێ نادەن و تەنیا بۆ شەڕی دژ بەداعش بەكاریان دەهێنن و تاوەكو ئێستاش ئەمریكا هیچ شتێكی پێ نەداون كە بۆ بەرژەوەندی كورد بێت. بەرژەوەندی كورد بە مانەوەیان لەگەڵ حكوومەتی سووریا دەبێت".

بەرپرسانی كورد لە ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان دەڵێن، پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەك دەكەن كە  شەرعیەت بداتە ئیدارەی خۆسەر.

محەممەد مووسا، سكرتێری پارتی چەپی كورد لە سووریا لەو بارەیەوە بە (رووداو)ی گوت "بەهیچ شێوەیەك رێگرنین لە ئەنجامدانی دیالۆگ لەگەڵ حكوومەتی سووری بەڵام ئێمە سازش لەسەر دەستكەوتەكانمان ناكەین كە بەخوێنی شەهیدان هاتووەتە كایەوە. ئێستا ئێمە خاوەن سیستەمێكی فیدراڵی ئیتیحادین و ئامادەش نین ئەم دەستكەوتانە بەجێبهێڵین. ئەگەر دیالۆگ لەگەڵ حكوومەتی سووریا دەستی پێكرد، پێویستە لەو خاڵەوە دەستپێبكات كە بڕیار لەسەر جۆری فیدراڵییەكە بدرێت ئایا فیدراڵی بەلجیكی بێت یان ئەمریكی یان عێراقی".

سەبارەت بە بەشداری ئەنجوومەنی نیشتیمانی كورد لەو گفتۆگۆیانەدا. محەممەد مووسا گوتی "دەكرێت لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد  رێبكەویت بۆ دروستكردنی شاندێكی یەكگرتوو بۆ دانوستاندن لەگەڵ حكوومەتی سووریا، چونكە ئەم ئەنجوومەنەش ئامانجی خۆی هەیە كە كار دەكات بۆ دامەزراندنی سیستەمی فیدراڵی لە رۆژئاڤا، بەڵام بەداخەوە ئەوان ئێستا بەشێكن لە ئۆپۆزیسیۆن و دان بەمافی كورد نانێن".

ناوبراو راشیگەیاند، ئەوان بەشێكن لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بەسەرۆكایەتیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندییەكان و هۆكاری دەستوەردانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی و هاتنی تیرۆر، تەنیا بەهۆی لاوازی حكوومەتی سووریا و ئۆپۆزسیۆنەكەیەتی كە نەیانتوانی چەند ساڵێك چارەسەرێك بۆ قەیرانی گڕگرتووی سووریا بدۆزنەوە. ئێمەش بەشێك بووین و دەبین لە هاوسەنگی نێو گۆڕەپانی سووریا.
 
خۆسەری لە مانگی تشرینی دووەمی 2013 بەسەرۆكایەتیی پارتی یەكێتیی دیموكراتی "پەیەدە" دامەزراو دواتر پارتەكانی هاوپەیمانیی نیشتمانیی كوردی لە سووریا تێیدا بەشداربوون و بەپێی شیكاری توێژەران، خۆسەری بووەتە ئەمری واقیع و بەهۆی چوونە نێو هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەمریكا، خۆسەرییەكە بەهێزتر و بەگوڕتر بووە.