لە دیمەشق سێ ژن لە نۆرەی وەرگرتنی خواردن گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە مزگەوتی ئەمەوی لە دیمەشقی پایتەختی سوووریا، سێ ژن لە نۆرەی خواردن دا گیانیان لەدەستدا.
رووداوەکە رۆژی هەینی, 10-01-2025، لە کاتی خوانی نیوەڕۆ روویدا. پێشتر شێفی ناسراوی سووریا، شێف عومەر بانگهێشتنامەیەکی بڵاوکردبووە و رایگەیاندبوو، بە بۆنەی رووخانی رژێمی ئەسەد، رۆژی هەینی بێ بەرامبەر خواردن لە مزگەوتی ئەمەوی دابەشدەکات. بەو هۆیەوە لە کاتی خوانەکە قەرەباڵخییەکی زۆر دروستبوو.
سەرچاوەیەک لە رێکخراوی بەرگریی شارستانیی سووریا ناسراو بە کڵاوسپییەکان بە رووداوی گوت: "بە پێی زانیارییە سەرەتاییەکان سێ ژن گیانیان لەدەستداوە، پێنج منداڵیش بریندار بوونە.
بەگوێرەی سەرچاوەکە، بەهۆی ئەوەی برینی بەشێکیان سەختە، چاوەڕواندەکرێت ژمارەی قوربانییان بەرزتر ببێتەوە.
چالاکڤانانی سووریا رەخنەیان لە رێکخستنی نیوەڕۆخوانەکە گرت و رایانگەیاند، رێکخستنی چالاکییەکان لە مزگەوت بەبێ هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ بەرپرسان، رووداوی نەخوازراوی لێدەکەوێتەوە.
شێف عومەر چێشتلێنەرێکی ناسراوی سووریایە، چەندین خواردنگەی لە تورکیا، ئیمارات و چەند وڵاتێکی دیکە هەیە. لە رۆژانی رابردوو دوای رووخانی ئەسەد گەڕاوەتەوە سووریا و ئەو خوانەی بێبەرامبەر رێکخستووە.