وەزارەتى نەوتى سووریا بۆ کارمەندەکانی: سبەى بگەڕێنەوە سەر کار

 رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتى نەوت و سامانە کانزایییەکانى سووریا داواى لە کارمەندەکانى کرد بگەڕێنەوە سەر کار لە کێڵگەکانى نەوت و کارگەکانى گاز و پاڵاوگەکان.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، ئاژانسى فەرمیى سووریا ئەو بانگەوازەى وەزارەتى نەوت و سامانە کانزاییەکانى وڵاتەکەى بڵاوکردەوە کە داوا لە کارمەندانى ئەو کەرتە دەکات سبەى سێشەممە، 10ى کانوونى یەکەم، بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
 
بەگوێرەى ئەو وەزارەتە، رێوشوێنى پێویست بۆ پاراستنیان گیراوەتەبەر لە لایەن کارگێڕیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بۆ ئەوەى پارێزراو بن.
 
کێڵگەکانى نەوت لە سووریا کەوتوونەتە شارەکانى دێرەزوور، رەققە، حەسەکە، گوندەواری حیمس و تەدموور، بەر لە 2011 ئاستى بەرهەمهێنانى رۆژانەیان 380 هەزار بەرمیل بووە.
 
وەزارەتى نەوت و سامانە کانزاییەکانى سووریا دەڵێت: "سێشەممە هێڵەکانى گواستنەوە وەک پێشوو دەکەونەوە کار".
 
بەهۆى ئاڵۆزییەکانى چەند رۆژى رابردووى سووریاوە، فەرمانبەرانى وەزارەتى نەوت و سامانە کانزاییەکانى سووریا نەدەچوونەوە سەر کارەکانیان، 8ى کانوونى یەکەم بە تەواوى دیمەشقى پایتەخت کەوتە ژێر دەسەڵاتى  چەکدارانى دەستەى تەحریرى شام و کۆتایی بە دەسەڵاتى بەشار ئەسەد، سەرۆکى پێشوى ئەو وڵاتە ھێندرا.
 
یەدەگى نەوتى سووریا بە 2.5 ملیار بەرمیل دەخەمڵێندرێت، زۆرینەى لە سنوورى دێرەزورە.
 
جگە لە وەزارەتی نەوت، بەشێک لە وەزارەتەکان داوایان لە کارمەندەکانیان کردووە بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
 
د. ئەحمەد زمیرییە، وەزیری تەندروستی داوای لە سەرجەم کارمەندان لە کەرتی تایبەت و گشتیی تەندروستی کردووە بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
 
هەروەها قەیس رەمەزان، ئەندامی مەکتەبی جێبەجێکردن لە دیمەشق رایگەیاندووە، کۆمپانیاکانی گواستنەوەی گشتیی ناوخۆ و تایبەت لە رۆژی سێشەممەوە دەست بە کارەکانیان دەکەنەوە.