بانکی جیهانی: 90٪ی خەڵکی سووریا لە ژێر هێڵی هەژاریدان
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئابووریناسان جگە لە فاکتەرە سیاسی و ناوخۆیی و هەرێمییەکان، یەکێک لەو هۆکارانەی کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەسەد هێنا خراپی رەوشی ئابووری سووریا بووە لە ماوەی 13 ساڵی رابردوو.
خورشید عەلیکا، ئابووریناسێکە دەڵێت، "نرخی دۆلاری ئەمریکی لە قامشلۆ، 20 هەزار لیرەی سووری بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی لەدوای رووخانی رژێم، پێویستە دەسەڵاتی نوێی سووریا، سووریایەکی نوێ دروست بکەن."
لە ماوەی 13 ساڵدا لیرەی سووری 99.8٪ی بەهای خۆی لەدەستدا و ئەوەش هەڵاوسانێکی گەورەی لەو وڵاتە دروستکرد.
هەڵاوسانی ساڵانە زیاترە لە 300٪، ئەوە خەرجییەکانی ژیانی بۆ هاوڵاتییان بەراورد بە سەردەمی پێش شەڕی ناوخۆ 20 هێندە زیاتر کردووە.
ئامارەکانی بانکی جیهانی ئاشکرای دەکەن 90٪ی خەڵکی سووریا لە ژێر هێڵی هەژاریدان و داهاتیان کەمترە لە 2 دۆلار لە رۆژێکدا.
بەپێی ئامارەکانی بانکی جیهانی زیاتر لە 60٪ ی خەڵکی سووریا ئاسایشی خۆراکیان نییە.
محەممەد ئەشقەر، رۆژنامەڤانە لە دیمەشق باس لەوە دەکات: "خەڵک گرفتارە بەدەست کەمی بەرهە نەوتییەکان و نان و بەرووبوومی خۆراکییەوە. چەند رۆژێکە لە دیمەشقی پایتەخت نرخی بەرهەمە خۆراکییەکان بەرزبوونەتەوە. مادە خۆراکییە سەرەکییەکان زۆر کەم بوونەتەوە. ئێستا بازاڕەکان داخراون. خەڵکیی لەنێو گەڕەکانیان بڵاوبوونەتەوە، دڵخۆشیی دەردەبڕین بە کەوتنی رژێم."
شەڕی ناوخۆ زیانی 120 ملیار دۆلاری لە ژێرخانی ئابووری سووریا داوە. 6.8 ملیۆن هاووڵاتی ئاوارە بوون و 6.2 ملیۆن کەسیش لە وڵاتانی دیکە بوونە پەنابەر.
لە ساڵی 2011 وە تاوەکو 2023، کۆی بەرهەمی ناوخۆی سووریا 70٪ پاشەکشەی کرد.
بەڵام، دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، بەهای لیرەی سووری بەردەوامە لە بەرزبووەنەوە و بەراورد بە پێش رووخانی دەسەڵاتی بەعس، نزیکەی 200% بەرز بووەتەوە.
ئێستا یەک ملیۆن لیرەی سووری بەرامبەر 190 دۆلارە، لەکاتێکدا پێش رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، 67 دۆلار بوو.