فلای ئەربیل: بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی دیمەشق، چاوەڕێی رەزامەندیی لایەنی سوورین

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیای فلای ئەربیل رایگەیاند، بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکانیان بۆ دیمەشق، داواکارییان پێشکێشی دەسەڵاتدارانی فڕۆکەوانیی سووریا کردووە و چاوەڕێی وەڵامی ئەوانن.
 
لاوەند مەموندی، بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیای فلای ئەربیل، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 09-01-2025) بە رووداوی راگەیاند، ژمارەیەکی زۆر خەڵک بەتایبەتی ئەو سووریاییانەی لە هەرێمی کوردستان و عێراقن، چاوەڕێی دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی نێوان هەولێر و دیمەشقن، بەڵام تائێستا گەشتەکان دەستیان پێنەکردووەتەوە.
 
لاوەند مەموندی گوتی "لەدوای رووخانی رژێمی ئەسەد لە سووریا، دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا پێدانی ڤیزەیان بە عێراقییەکان راگرتووە."
 
لە 8-12-2024 واتە لەو رۆژەوەی چەکدارانی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) گەیشتنە دیمەشق و کۆتاییان بە رژێمی بەشار ئەسەد هێنا، گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەولێر و دیمەشق راگیراون.
 
لە هەرێمی کوردستان، دوو کۆمپانیای فڕۆکەوانی پێشتر گەشتیان بۆ دیمەشق هەبوو، ئەوانیش فلای ئەربیل و ئەجنیحەی شام. لاوەند مەموندی گوتی "پێش رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، ئێمە هەفتانە 3 بۆ 4 گەشت و ئەجنیحەی شامیش 5 گەشتی بۆ دیمەشق هەبوو."
 
بە گوتەی لاوەند مەموندی، پێشتر هەفتانە 1000 بۆ 1500 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە بە فڕۆکە گەشتیان بۆ دیمەشق دەکرد، کە 85٪ـیان سووریایی بوون.