سەرۆکایەتیی سووریا: سەرۆک بەشار ئەسەد لە دیمەشقە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی سووریا رەتیدەکاتەوە بەشار ئەسەد، سەرۆکی وڵاتەکە سووریای جێهێشتبێت. "لە دیمەشقە و بەردەوامە لە راپەڕاندنی کارەکانی."
ئەمڕۆ (شەممە، 7-12-2024) سەرۆکایەتیی سووریا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رەتیکردەوە بەشار ئەسەد وڵاتی جێهێشتبێ یان بە سەردان چووبێتە هیچ وڵاتێک.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "بەشێکی میدیای بیانی، هەواڵی ناڕاست و چەواشەکارانەیان لەبارەی جێهێشتنی دیمەشق لەلایەن سەرۆک بەشار ئەسەدەوە بڵاوکردووەتەوە، یان چووبێتە وڵاتێکی دیکە، ئەوانە هەواڵی ناڕاستن."
ئەمە لەکاتێکدایە چەند میدیایەک باسی ئەوەیان کردووە بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا وڵاتەکەی جێهێشتووە.
ئەم هەواڵە دوای ئەوە هات کە گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، لە پێشڕەوایدان بەرەو دیمەشقی پایتەخت و بەپێی زانیارییەکان، تەنیا چەند کیلۆمەترێکیان ماوە بگەنە ناوەندی شارەکە.
رۆژی شەممە، 7ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەبو محەممەد جۆلانی، سەرۆکی دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) لە تەلەگرامی خۆی پەیامێکی بۆ چەکدارەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "دیمەشق چاوەڕێتانە".
لەبەرەی باکووری شاری دیمەشقەوە، چەکدارانی دەستەی تەحریر شام و گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان گەیشتوونەتە گوندی ناسرییە کە نزیکەی 65 کیلۆمەتر لە دیمەشقی پایتەختەوە دوورە. لە بەرەی باشووریشەوە چەکدارەکان کۆنترۆڵکردنی گوندی خابییەیان راگەیاندووە، کە کەمتر لە 20 کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری دیمەشقەوە دوورە.
رۆژی 25ـی تشرینی دووەمی 2024، دەستەی تەحریر شام و گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دیکە، دەستیان بە هێرشکردنە سەر سەربازانی سوپای سووریا لە باکووری وڵاتەکە کرد. سەرەتا پارێزگەکانی حەما و حەلەبیان گرت. ئێستاش چاویان لەسەر حومس و دیمەشقی پایتەختە. هەروەها، چەکدارەکان رووبەرێکی فراوانی پارێزگاکانی وەیدە، دەرعا و قونەیترەیان کۆنترۆڵکردووە.