ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بڕیاریدا هێزەکانی ئەو وڵاتە لە سووریا بمێننەوە
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژە یاسایێکی رەتکردەوە کە داوای دەکرد ئەو 900 سەربازە ئەمریکییەی لە سووریا جێگیرکراون، بکشێنرێنەوە. پڕۆژە یاسایەکە بە 13 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 81 دەنگی نەخێر، رەتکرایەوە.
دوای زیادبوونی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران بۆ سەر سەربازانی ئەمریکی، پڕۆژە یاساکە لە لایەن راند پۆڵ، سیناتۆری کۆمارییەوە ئامادە کرابوو.
بە گوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن، لەو کاتەوەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەمەوە دەستیپێکردووە، تاوەکو ئیستا 78 هێرش کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا.
پێش دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاساکە، پۆڵ بە ئەنجوومەنەکەی گوت: "من وای دەبینم، ئەگەرچی 900 سەربازەکەمان لە سووریا هیچ ئەرکێکی گرنگیان نییە، بێ قەڵخانن. ئەوان تەڵەیەکن بۆ جەنگێکی گەورەتر. بێ هەبوونی ئەرکێکی روونیش، پێموانییە بتوانن وەکو پێویست خۆیان بپارێزن، کەچی هێشتاش لە سووریان."
پۆڵ هەروەها گوتی: "سەربازەکانمان بەردەوام لە سووریا دەکەونە بەر هێرش، نەک لە لایەن داعشەوە، بەڵکو لە لایەن میلیشیاکانی لایەنگری ئێرانەوە."
لە دوو مانگی رابردوودا، ئیدارەی بایدن لە تۆڵەی ئەو هێرشانەدا ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر پێگەو کۆگای چەک و تەقەمەنیی ئەو گرووپە چەکدارانە لە عێراق و سووریا.
هەروەها ئەیلوولی ئەم ساڵ، تورکیاش زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی کردنە سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ی هاوبەشی نزیکی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، کە هەندێ لەو هێرشانە شوێنەکانی نزیک هێزەکانی ئەمریکایان کردنە ئامانج و لە یەکێکیاندا ئەمریکییەکان درۆنێکی تورکیایان خستەخوارەوە.
پۆڵ گوتی: "سەربازانی ئەمرکا هەروەها کەوتنە بەر ئاگری تورکیای هاوپەیمانی ناتۆمان. هەر ئەم ئەیلوولەی رابردوو، ئێمە بە خستنەخوارەوەی درۆنێکی چەکداری تورکی کە 500 یارد لە هێزەکانی ئەمریکا نزیکبووەوە، قەرزی ئەوانمان دایەوە."
بەڵام زۆرینەی کۆماری و دیموکراتەکان پشتیوانییان لە ئیدارەی بایدن کرد بۆ ئەوەی ئەو 900 سەربازە لە سووریا بهێڵێتەوە.
مچ مککۆنێڵ، سەرکردەی کەمینەی کۆماری لە ئەنجوومەنی پیران گوتی: "تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسایێکی لەم جۆرە، دیارییەک دەبێت بۆ ئێران و تۆڕی تیرۆرستەکانی. دەرکردنی سەربازانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، رێک ئەو شتەیە کە ئەوان دەیانەوێت بیبینن. ئەوە هێزە بەوەکالەتەکانی ئێران هاندەدات بەرەیەک لە باکوورەوە لە جەنگی دژی ئیسرائیلدا بکەنەوە."
مایک مککۆل، سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاندبوو کە لە هەوڵی داڕشتنی مۆڵەتێکی سەربازییە بۆ ئیدارەی بایدن بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر هێزەکانی لایەنگری ئێران لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئەگەری فراوانبوونی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل.
ئەمریکا لە ساڵی 2014 هێزەکانی لە سووریا جێگیرکرد بۆ ئەوەی بە گوتەی خۆی، شەڕ دژی خەلافەتی داعش بکات، ئەوەش بە پشتبەستن بە مۆڵەتێکی ساڵی 2001 کە لە لایەن کۆنگرێسەوە لە کاردانەوەی رووداوەکانی 11 ئەیلوولی 2001 دەکرابوو.
چوار سەرۆکی ئەمریکا ئەو مۆڵەتە سەربازییەیانەی بەکارهێناوە بۆ رەوایەتیدان بە 40 ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر 19 وڵاتی سەرانسەری جیهان، لە نێویاندا عێراق و سووریا.
پڕۆژە یاساکەی پۆڵ کە ئەنجوومەنی پیران رەتیکردەوە، باسی لەوە دەکرد کە مۆڵتە سەربازییەکەی ساڵی 2001 سووریا ناگرێتەوە. پۆڵ هەمان ئەو بیرۆکەیەی لە پڕۆژە یاسایێکی دیکەدا پێشكێشکردبوو بۆ ئەوەی هەزار و 100 سەربازی ئەمریکی لە نەیجەر بکشێنرێنەوە، کە ئەویش لە تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ لە لایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە بە 11 دەنگی بەڵی بەرامبەر 86 دەنگی نەخێر رەتکرایەوە.
هەروەها ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە ئاداری ئەم ساڵ بە 103 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 321 دەنگی نەخێر، پڕۆژە یاسایێکی هاوشێوەی بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی لە سووریا رەتکردەوە.