پەرلەمانتارێکى سووریا بۆ رووداو: گومان دەکرێت هێرشەکەی حمس بە درۆنی فەرەنسى کرابێت

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکى پەرلەمانى سووریا رایگەیاند، هێرشەکەى سەر کۆلێژی سەربازی شاری حمسی وڵاتەکەى لە رێگەى چەند درۆنێکەوە  کراوە، کە گومان دەکرێت دروستکراوى فەرەنسا بن. دەشڵێت: "رێکخستنە تیرۆیستە چەکدارەکان ئەو هێرشەیان کردووە کە لەلایەن هەندێک لە وڵاتانەوە پاڵپشتی دەکرێن."
 
رۆژی هەینی، 06-10-2023، عەبدولحەمید نەقرى، ئەندامى پەرلەمانى سووریا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "هێرشەکەى سەر کۆلێژى سەربازیی حمس لە رێگەى چەند درۆنێکەوە بووە، بۆمبیان هەڵداوەتە خوارەوە بەسەر ئەو شوێنەى ئاهەنگى دەرچوونى ئەفسەرانى تێداکراوە، [هێزەکانی سووریا] فڕۆکەیەکیان خستووەتە خوارەوە لە دواى ئەوەى بۆمبەکەى فڕێداوە."
 
سەبارەت بە سەرچاوەی درۆنەکان، عەبدولحەمید نەقرى گوتى: "تاوەکو ئێستا شتێکى فەرمى نییە، بەڵام بەگوێرەى بەڵگە سەرەتاییەکان گومان دەکرێت درۆنەکان دروستکراوى فەرەنسا بن و بەشێک لە پارچەى ئەو فرۆکانە دەستیان بەسەردا گیراوە."
 
پاشنیوەڕۆی پێنجشەممە، 5-10-2023، لە دوای تەواوبوونی ئاهەنگی دەرچوونی ئەفسەران، هێرشکرایە سەر کۆلێژی سەربازیی شاری حمسی سووریا، بەپێی فەرماندەیی گشتیی سوپا و هێزە چەکدارەکانی سووریا هێرشەکە لە رێگەی درۆنەوە کراوە.
 
سەر لەبەیانی ئەمڕۆ، وەزارەتی تەندروستیی سووریا دوایین ئاماری لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی سەر کۆلێژی سەربازیی شاری حمس بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 89 کەس گیانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا 31 ژن و پێنج منداڵ هەن، هەروەها 277 کەسیش بریندار بوون.
 
ئەندامەکەى پەرلەمانى سووریا گوتى، "تیرۆیستیە چەکدارەکان ئەو هێرشەیان کردووە، کە لەلایەن هەندێک لە وڵاتانەوە پاڵپشتی دەکرێن، بەڵام بەدیاریکراوى ئەو لایەنە ئاشکرا نەبووە و دواتر ئەو لایەنە ئاشکرا دەکرێت،  کە لە پشت هێرشەکەوە بوون."
 
عەبدولحەمید نەقرى ئاماژەى بەوەشدا، هێرشەکە لەدواى رۆیشتنى بەرپرسە فەرمییەکان کراوە، ئەوانەی ماونەتەوە ئەفسەران و کەسوکاریان بوون، گوتیشى: "خێزان هەیە بە تەواوى لە بۆردوومانەکەدا کوژراون."