رووباری مەرگ.. چەکی ئەنقەرە لە دژی رۆژئاڤای کوردستان

رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ناوچەکەدا، زیادبوونی پێویستییەکانی ئاو لەلایەن دانیشتووانی ناوچەکە،  حکومەتی ئەنقەرە، بێدەسەڵاتیی حکومەتەکانی سووریا و عێراقی قۆستووەتەوە و ئاوی رووباری فورات بەو شێوەیە بەکاردەهێنێت کە خۆی دەیەوێت.

بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان، رەخنە لە کردەوەکانی ئەنقەرە دەگرن لە بابەتی پەیوەست بە بەکارهێنانی ئاوی رووباری فورات و دەڵێن ئاو نوێترین چەکی دەستی ئەنقەرەیە لە دژمان.

رووباری فورات کە لە تورکیا و لە چەند سەرچاوەیەکی جیاوازەوە هەڵدەقوڵێت، پاش بڕینی ناوچەیەکی فراوانی تورکیا، دواتر دەچێتە ناو خاکی سووریاوە و پاشان بەعێراقدا گوزەر دەکات بەر لە رژانە ناو کەنداوەوە.

دابەشکردنی ئاوی فورات

دابەشکردنی ئاوی فورات لە نێوان هەرسێ وڵاتدا مێژوویەکی درێژی هەیە، ساڵی 1987 رێکەوتنێکی کاتی لە نێوان ئەنقەرە و دیمەشقدا کرا کە بەپێی ئەو رێکەوتنە، تورکیا لانیکەم لە هەر چرکەیەکدا 500 مەتر چوارگۆشە ئاو بۆ سووریا دەنێرێت، دواتر دیمەشق بەپێی رێکەوتنی لەگەڵ بەغدا 58٪ی ئەو ئاوە بۆ عێراق بەردەداتەوە.

بۆ ماوەی چەندین دەیە، بابەتی ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فورات، دۆسێیەکی هەڵواسراوی دووانە یاخود سێیانەی نێوان سووریا، عێراق و تورکیا بوو. هەندێک بۆچوون ساڵانی پێشوو پێیانوابوو، داڵدەدانی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان لەلایەن سووریاوە، بەچەند ئامانجێک بووە، یەکێکان بەدەستهێنانی کارتێکی گوشار لە دژی ئەنقەرە کە بەردەوام کارتی ئاوی بەرامبەر سووریا بەکاردەهێنا.

ئێستا دۆخی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاوی هەردوو رووبار لە نێوان هەرسێ وڵاتدا گۆڕاوە، تورکیا وەک وڵاتی بەرهەمهێنەر، سوریا وەک رێڕەو و عێراقیش وەک دەرچە.

ئێستا بڕی ئەو ئاوەی بەردەدرێتەوە و پابەندبوون بە رێکەوتنەکان، لە ژێر رەحمی ئەو گوشار و ململانێ و ساتە سیاسییانە دایە کە ئەو سێ وڵاتە پێکەوە دەبەستێتەوە، چونکە کاتێک پەیوەندییەکانی ئەوان مانگی هەنگوینی بەخۆوە ببینێت، ئەنقەرە لە رێگەی دیبلۆماسییەوە نیازەکانی خۆی لەبارەی مامەڵە لەگەڵ بڕی ئاو و پڕکردنەوەی بەنداوەکان و چاککردنەوەی بەنداوەکانیدا لە باشووری رۆژئاوای تورکیا، بە سووریا رادەگەیەنێت، تا سووریاش لای خۆیەوە رێوشوێنەکان بگرێتەبەر. خۆ ئەگەر مانگی هەنگوینی تێپەڕیبێت، ئەنقەرە تاکلایەنە کارەکان دەکات و دیمەشق تەنیا ئەنجامی کارەکان دەبینێت.

سووریا لای خۆیەوە سێ بەنداوی گەورەی لەسەر رێڕەوی هەمان رووبار دروستکردوە، کە بریتین لە بەنداوەکانی تشرین، تەبەقە و بەعس.

ئاو و ئیدارەی خۆسەر

لە دوای ساڵی 2012ەوە هاوکێشەکان گۆڕاون، لە نێو گۆڕانکارییەکاندا، تورکیا ئێستا پێیوایە بوونی ئیدارەی خۆسەر لە باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، هەڕەشەیەکی ستراتیژییە. لە کاتێکدا دیمەشق کە پێشتر هاوپەیمانیی لەگەڵ هێزە کوردییەکاندا هەبوو، لە نێویاندا یەکێتی دیموکرات و یەکینەکانی پاراستنی گەل، ئێستا بەگومانێکی زۆرەوە لێیان دەڕوانێت، بەتایبەت کە لە دوای ئەو ساڵەوە پەیوەندی بەهێز لە نێوان ئەو هێزانە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا دروست بوو.

زانراوە کە هاوپەیمانان و هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە دژی داعش پێکەوە شەڕیان کرد و پەرەسەندنی ئەو پەیوەندییانە، وایکرد سووریا لەو هێزانە دووربکەوێتەوە و پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ ئەنقەرەدا بەرەو کێشەی زیاتر بڕوات.

ئەوەی لەو نێوەندەدا نوێیە، ئەو هەڵمەتەیە کە ئیدارەی خۆسەری دەستیپێکردووە بۆ تۆمەتبارکردنی تورکیا، بە کەمکردنەوەی ئاوی هاتووی فورات بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی.

محەممەد تەربووشی، بەڕێوەبەری بەنداوەکان لە ئیدارەی خۆسەر بە رۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەتی راگەیاندووە، تورکیا ئاو وەک چەکێک لە دژیان بەکاردەهێنێت. ئەو دەڵێ "کاتێک رووبارەکان پڕ دەبن، ئاومان بۆ بەردەدەنەوە تا بۆ وزە و کشتوکاڵ نەتوانین سوودی لێوەربگرین، بەڵام کاتێک پێویستمان پێیەتی، ئاوەکەمان لێدەگرنەوە، دیارە کە بە ئەنقەست ئەمە دەکەن".

سووریا رەتیدەکاتەوە ئەنقەرە ئاو وەک چەک بەکاربهێنێت، سەرچاوەیەکی ئاگاداری سووری بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە: "تورکیا ئاو وەک چەک بەکارناهێنێت، ئەوان پابەندن بە رێکەوتنەکان و ناردنی ئەو بڕە ئاوەی لەسەری رێککەوتووین، ئەوان هەمیشە لە کاتی پڕکردنەوەی بەنداوەکان و چاکسازیی بەنداوەکاندا ئێمە ئاگادار دەکەنەوە". سەرچاوە سوورییەکە، ئیدارەی خۆسەر تۆمەتبار دەکات بەوەی "ئاو بەکاردەهێنن بۆ پڕوپاگەندە، وەک هەر شتێکی دیکە".

بەرپرسەکەی ئیدارەی خۆسەر دەڵێت: "لەوانەیە ئەنقەرە بەدیمەشقی گوتبێت کەی ئاو زیاد دەکات و کەی کەمیدەکاتەوە، بەڵام دیمەشق هیچ زانیارییەکی لەوبارەیەوە بە ئێمە نەداوە. ئەمە پرسیارمان لا دروستدەکات لەوەی ئاخۆ ئەوان لە دژی ئێمە ئەوە ناکەن؟".

تەربوش پەنا بۆ لێکدانەوەی رووداوەکان بە ژمارە دەبات و دەڵێت: "لە سەرەتای نیسانی رابردووەوە، تێکڕای هەناردەکردنی تورکیا بۆ ئاو 200 مەتر چوارگۆشە بوو (300 مەتر چوارگۆشە کەمتر) لەو بڕەی رێکەوتنی لەسەرکراوە. بەڵام ئێمە پابەندبووین بەڕێکەوتنمان لەگەڵ عێراقدا و بە بەردەوامی 200 مەتر چوارگۆشە ئاومان بۆ ناردوون".

ئاوی رووباری فورات پاش هاتنە ناو خاکی سووریاوە، بەناوچەی جەرابلوسدا دەڕوات کە ناوچەی ناسراو بە قەڵغانی فوراتە و لە ژێر دەسەڵاتی ئەو گرووپە سوورییانەدایە کە ئەنقەرە پشتگیرییان دەکات، بەرلەوەی بگاتە شارۆچکەی شیوخ کە یەکەم ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکراتە و لەوێشەوە دەچێتە ناو بەنداوی تشرینەوە.

تەربوش  دەڵێ: "توانای رووبارەکە 1.85 ملیار مەتر چوارگۆشەیە، لەگەڵ شەش تۆڕباینی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی 150 مێگاوات بۆ هەر یەکێک لە تۆڕباینەکان. بەڵام کەمبوونەوەی ئاو بووەتە هۆکار بۆ ئیشپێکردنی تەنیا دوو تۆڕباین بە وزەی 60 مێگاوات. لەگەڵ کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی رووباری تەبەقەشدا، تەنیا سێ تۆڕباین لە کۆی 8 دانە کارپێدەکەین و لە بەنداوی بەعسیش تەنیا یەک تۆڕباین بە توانای 25 مێگاوات کارپێدەکەین".

کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا وایکرد دەسەڵاتی خۆسەر بڕی ئەو کارەبایە کەمبکاتەوە، کە دەیداتە هاونیشتمانییانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کە نزیکەی 23 لەسەدی هەموو وڵات دەکات و رێگە نادات وزەی کارەبا، بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی  حکومەت بڕوات.

بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەر دەڵێن: ئەو هەنگاوانەی گیراونەتەبەر، یارمەتیدەربوون بۆ دروستبوونی کێشەی ئابووری لە ناوچەکەیاندا، هەروەها بێبەشکردنی شارێکی سەرەکی وەک حەلەب کە لە ژێر کۆنترۆڵی  حکومەتدایە، لەگەڵ شاری کۆبانێ لە ئاوی خواردنەوە. ئەمە جیا لە پیسبوونی ئاوەڕۆی رووباری فورات بەهۆی کەمبوونەوەی رێژەی گلدانەوەی ئاو لە دەریاچەکانی سەر رووبارەکە بە رێژەی سێ مەتر.

"رووباری مەرگ"

رووداوەکانی ناوچەکە و ئەو ململانێیانەی لەسەر ئاو سەریهەڵداوە، سەرنجی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی راکێشاوە. دامەزراوەی باکس کە دامەزراوەیەکی توێژینەوەی هۆڵەندییە، توێژینەوەیەکی درێژی بەناوی "رووباری مەرگ" بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئاماژە بەوە دەدات پیسبوونی بەردەوام بەهۆی بیرە نەوتییە پەڕۆپووتەکانەوە، وایکردووە دەیان هەزار بەرمیل نەوت بڕژێتە ناو کەناڵ و دەریاچە ئاوییەکانەوە کە دواتر هەموویان دەچنە ناو رووبارێکەوە کە درێژییەکەی 160 کیلۆمەترە.

دامەزراوەکە دەڵێت: ئەو دزەکردنەی نەوت بۆ ناو رووبارەکە، بووەتە هۆکاری زیادبوونی ترس لای دانیشتووانی ناوچەکان لەسەر تەندروستی خۆیان و کۆمەڵگاکانیان و رەنگدانەوەی لەسەر زەویی ناوچەکە. هەروەها لەسەر ئاوی ژێر زەوی کە ئێستا پیسبووە و کەڵکی بەکارهێنانی نەماوە.

سەرچاوەکانی ئەو ناوچانە وەک ئەوەی توێژینەوەکە ئاماژەی بۆ کردووە، دووپاتیدەکەنەوە جووتیارانی ناوچەکە کێڵگە کشتوکاڵییەکانیان بەتەواوی لەدەستداوە، چونکە بارانی وەرزیی وایکرد کێڵگەکانیان نوقمی ژێر ئاوی باران ببێت و لەگەڵ ئاوڕێژبوونی دەریاچە و کەناڵە ئاوییە ژەهراویبووەکان بەنەوتدا، نەوتی رەش هەزاران دۆنم لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی داپۆشی.

ویم زۆیگنبێرگی ئامادەکاری توێژینەوەکە دەڵێ: دانیشتووانی ناوچەکە بەدەست کێشەی قووڵەوە دەناڵێنن، پێویستە هەمووان رێوشوێنی خێرا بگرنەبەر بۆ گەیشتنە چارەسەری هەمیشەیی کێشەکان.