ئەردۆغان دەڵێت، پێویستە ئەسەد بەپەلە چارەسەر بۆ دۆخی وڵاتەکەی بدۆزێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا داوا لە بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا دەکات، بەپەلە چارەسەرێکی سیاسی بۆ رەوشی ناوخۆی وڵاتەکەی بدۆزێتەوە.
 
سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەردۆغان و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان کرد.
 
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، بەگوێرەی سەرۆکایەتیی تورکیا، ئەردۆغان بە گۆتێرێسی راگەیاندووە، "پێویستە رژێمی سووریا بەپەلە پابەندیی خۆی بە گەلەکەیەوە رابگەیێنێت و چارەسەرێکی سیاسی بۆ بارودۆخەکە بدۆزێتەوە".
 
ئەم پەیامەی ئەردۆغان لەکاتێکدایە، دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و هاوپەیمانەکانی لە لایەک و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیاش لە لایەک، هێرشیان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سووریا دەستپێکردووە و تا ئێستا کۆنترۆڵکردنی ناوەندی شارەکانی حەلەب و حەمایان راگەیاندووە.
 
دوو رۆژ لەمەوبەر، 3ـی 12ـی 2024، ئەردۆغان لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بە تەلەفۆن قسەیان کرد. سەرۆکی تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی داکۆکی لە یەکپارچەیی سووریا دەکات. سەرۆکی رووسیاش داوای کرد دەستبەجێ کۆتایی بە هێرشی گرووپە چەکدارەکان بێت.
 
لە رۆژی 27ـی 11ـی 2024ـەوە بارودۆخی نێوخۆی سووریا ئاڵۆز بووە و گرووپە چەکدارەکان تادێت ناوچەی زیاتری باکووری وڵات کۆنترۆڵ دەکەن، سوپای رژێمەکەش بەرەو ناوچەکانی باشوور و پایتەخت دەکشێتەوە.
 
لەبارەی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ دۆخەکە، بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، وەزیرانی دەرەوەی ئێران، تورکیا و رووسیا سەبارەت بە دۆسیەی سووریا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر کۆببنەوە.