تەحریری شام بۆ چەکدارانی: گەڕان بە جلوبەرگ و ئۆتۆمبێلی سەربازی لە حەلەب قەدەخەیە
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) ژمارەیەک بڕیاری بۆ نێو شاری حەلەب دەرکرد و رایگەیاند، گەڕانی ئۆتۆمبێلی سەربازی و چەکدارەکانیان بە جلوبەرگی سەربازییەوە لەنێو شاری حەلەبدا قەدەخەیە.
فەرماندەیی گشتیی بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە حەلەب رۆژی پێنجشەممە 05-12-2024 لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "دوای بەڕێوەچوونی پڕۆسەی پشکنین و دڵنیابوونەوە لە دۆخی شاری حەلەب، داوا لە هەموو چەکدارەکانمان دەکەین بە جلوبەرگی سەربازییەوە لەنێو شاردا نەمێننەوە و بەشداری لە بەرەکانی شەڕدا بکەن بۆ بەرەو پێشچوونی ئۆپەراسیۆنەکە".
لە راگەیێندراوەکەدا فەرماندەیی گشتیی بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە حەلەب کە لەلایەن هەتەشەوە سەرپەرشتی دەکرێت، چەند بڕیارێکی بۆ شاری حەلەب داوە کە ئەمانەن:
- هاتووچۆ بە جلوبەرگی سەربازییەوە قەدەخەیە.
- گەڕانی ئۆتۆمبێلی سەربازی و ئۆتۆمبێلێک چەکی لەسەر بێت قەدەخەیە.
- بەبێ گەڕانەوە بۆ کۆمیتەی تایبەت بە بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی حەلەب، کردنەوەی دەرگەی ماڵ و خانووی هەر کەسێک قەدەخەیە.
- کردنەوەی بنکەی سەربازی لە گەڕەکەکانی حەلەب قەدەخەیە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا دەستەی تەحریر شام (هەتەشە)، رایگەیاندووە: "هەر کەسێک پابەندی بڕیارەکان نەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت".