سووریا: تورکیا لەنێو خاکی وڵاتەکەمان نەکشێتەوە دانوستاندنی لەگەڵ ناکەین
رووداو دیجیتاڵ
کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا کرۆکی کۆبوونەوەی نێوان وەزیرانی دەرەوەی سووریا و ئێران بوو لە دیمەشق.
فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سووریا رایگەیاند، "مەرجی سەرەکی بۆ هەر گفتوگۆیەکی سووری - تورکی ئەوەیە، دەوڵەتی تورکیا ئامادەیی خۆی بۆ کشانەوە لە خاکی سووریای عەرەبی رابگەیێنێت. لەگەڵ لایەنێک دانوستاندن ناکەین کە خاکی ئێمەی داگیرکردووە."
30ی ئایاری ئەم ساڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی سەربازیی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کرد، ئەوەش لە کاتێکدایە بڕیارە رۆژی 11ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بەڕێوەبچێت.
وەزیری دەرەوەی سووریا دەڵێت، "ناکرێت ئەو داگیرکارییە لەلایەن تورکیاوە بەردەوام بێت و تورکیا پشتگیریی لایەنێکی تیرۆریستی و چەکدار لە باکووری سووریا بکات، چونکە ئەوە پێچەوانەی هەموو هەوڵەکانە کە پێویستن بۆ ئاساییبوونەوەی پەیوەندیی نێوان دوو وڵات. پەیوەندیی نێوان وڵاتەکانمان ئاسایی نابێتەوە ئەگەر تورکیا بە رۆژی رووناک نەڵێت لە خاکی سووریا دەکشێتەوە."
تورکیا لە 2016ەوە سێ ئۆپەراسیۆنی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا ئەنجامداوە؛ ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە قەڵخانی فورات لە هاوینی 2016؛ ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە چڵە زەیتوون لە سەرەتای 2018 و ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە کانیی ئاشتی لە پاییزی 2019؛ بە هەرسێکیان 8835 کیلۆمەتری خستووەتە ژێر دەسەڵاتی خۆی.
لە سەرەتای 2023وە دوو کۆبوونەوە بە نێوەندگیریی مۆسکۆ لەنێوان ئەنقەرە و دیمەشق لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە سووریا شکستیان هێناوە.