ستیفان دووجاریک: ئیدارەی نوێی سووریا دەیەوێت هەموو پێکهاتەکان لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەشدار بن

04-02-2025
سینان تونجدەمیر
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، گفتوگۆی سووریاییەکان بۆ بنیاتنانی سووریای نوێ ئەرێنییە.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، گفتوگۆی سووریاییەکان بۆ بنیاتنانی سووریای نوێ ئەرێنییە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گییەر پێدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا لە سووریا لەگەڵ سەرجەم پێکهاتە سوریاییەکان بەمەبەستی تاوتوێکردنی داهاتووی وڵات کۆبووەتەوە. پێدەرسن جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەموو سووریاییەکان بەبێ گوێدانە ئایین و نەتەوەیان، لە پڕۆسەی بنیاتنانەوەی داهاتووی وڵاتەکە بەشدار بن.
 
نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان هەرروەها دەڵێت، خۆشحاڵە بەوەی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ حکومەتی کاتی زۆر باش بەڕێوەدەچن و حکومەتی کاتی پێی ڕاگەیاندووە کە داهاتووی سووریا بۆ هەموو سوریاییەکان دەبێت.
 
لە لایەکی دیکەوە، ستیفان دوجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: "نێردەی تایبەت پێشوازی دەکات لەو گەرەنتییە روونانەی کە چەندین جار لەلایەن حکومەتی کاتییەوە هەم بۆ رای گشتی و بۆ خۆیشی دراون، کە سووریای نوێ بۆ هەموو گەلی سووریا دەبێت و لەسەر بنەمای فراوان و متمانەپێکراو دادەمەزرێت. لەم بارەیەوە، ئەو (پێدەرسن) رێککەوتنێکی راستەقینەی لەنێوان سووریاییەکان بەدی کردووە. دەربارەی بەڵێنەکانی دەسەڵاتدارانی سووریا بۆ پاراستنی بنەما سەرەکییەکانی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی 2254."
 
هەروەها فو کۆنگ، سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مانگی شوبات (نوێنەری چین)، داوا دەکات بڕیارنامەی 2254ـی تایبەت بە سووریا جێبەجێبکرێت و سووریای نوێ بۆ هەموو سووریاییەکان بێت.
 
فو کۆنگ دەڵێت: "دۆخەکە هێشتا ناجێگیر و هەستیارە. ئێستا سەرنجی ئەنجوومەن لەسەر پشتگیریکردنی سووریا بۆ پاراستنی یەکپارچەیی و گەڕاندنەوەی ئارامی و دەستپێکردنی گواستنەوەیەکی سیاسیی باوەڕپێکراو و فراوانە، بەپێی بنەماکانی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی 2254، لە هەمان کاتدا، دەبێت هەموو هەوڵێک بدەین بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و توندڕۆیی لە سووریا."
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، دیالۆگ لە نێوان سەرجەم پێکهاتە سووریاییەکان بە شێوەیەکی ئەرێنی بەردەوامە بۆ داهاتووی سووریا، هەرچەندە هێشتا وادەی هەڵبژاردن دیار نییە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە