خانووەکانی جندرێس بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیا رووخاون

 رووداو - جندرێس

ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا و بەشێکی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر عەفرین بەردەوامە،   لە شارۆچکەی جندرێس، خانوو و ماڵی خەڵك بەهۆی تۆپباران و بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکان رووخاون، خەڵکی لە ناڕەحەتی و دەردەسەری زۆردا دەژین.

ئەوانەی لە جندرێس لەژێر بۆردووماندان، دەڵێن ئەستەمە ناوچەکانیان جێبێڵن و عەفرین خاکی ئەوانە، ئەو شوێنانەی بوونەتە هێڵی گەرمی شەڕ، خەڵكەکەی لەژێرزەمین و شوێنی دیکە دەمێننەوە.

گوندەکانی باکووری عەفرین لەژێر بۆردوومان و تۆپبارانی تورکیا و بەشێکی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای سەر بە تورکیان، بەڵام  عەفرینییەکان سوورن شارەکەیان جێنەهێڵن.

هشام ئەبو رەجیل، دانیشتووی جندرێس دەڵێ "لە جندرێس دەژین، لە ژێرزەمینەکان دەژین، لەژێر چڵە زەیتوونەکان دەمێنینەوە. جێهێشتنی عەفرین ئەستەمە، ناکرێت جێیبێڵین. ئەمە نیشتیمانی ئێمەیە و شوێنمان هەر ئێرەیە. هەتا ئەگەر لەسەر شەقامەکان یان لە ژێرزەمین بخەوین. ئەستەمە عەفرین جێبێڵین".

بە دەگمەن خانوو لە باکووری عەفرین دەبینرێت، کە گورزێکی بەرنەکەوتبێت، زۆرینەی دانیشتووان لە ژێرزەمیندا دەژین.

رەجەب ئەبو محەممەد، خەڵکی جندرێس دەڵێ "لەسەرەتاوە منداڵەکانم دەبردنە ژێر پەناگە و بەتەنیا لەماڵەوە دەخەوتم، لەناکاو بەیانیێک وامزانی بوومەلەرزەیە خانووەکەمی هەژاند. باوکم لێرە بەتەنیایە. کەسی لەگەڵدا ناژی. دوو موشەک لە نزیک ئەویش کەوتوونەتە خوارەوە، یەکیان لەبەر دەرگای ماڵەکەی، یەکیان لە دیوی دواوە. هاوارم کرد و داوام لێکرد شوێنەکە بەجێبێڵین. رامان کرد. هەموو شتێکمان لەدەستدا. ماڵەکەمان لەدەستدا. هیچ شتمان نەماوە. باوکمم لەگەڵ خۆم برد و رامان کرد"؟.

خواردن و خواردنەوەی خەڵکی عەفرین سنووردارە و لەهەموو لایەکیشەوە گەمارۆدراون، کە راشدەکەن بەرەو سنوورەکانی تورکیا، وەک نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت "پاسەوانی سنووری تورکیا تەقەیان لێدەکات".