فەرماندەیەکی دروزییەکان بۆ رووداو: زۆر بەهێزین و دەتوانین بە زەبری چەک مەرجەکانمان بەسەر دیمەشقدا بسەپێنین

رووداو سوەیدا 


لە شەوی سەری ساڵدا هێزێکی سەر بە هەتەشە ویستی بچێتە نێو سوەیدا، بەڵام رێگەیان لێگیرا و گەڕانەوە. ئەمەش دەنگدانەوەی زۆری هەبوو. فەرماندەیەکی دروزییەکان لە سویداوە بە رووداوی گوت ئەوان زۆر بەهێزن و دەتوانن بە زەبری چەک، مەرجەکانیان بەسەر دیمەشقدا بسەپێنن.
 
رێژەی زۆری دانیشتووانی شاری سوەیدا دروزن. شارەکە لە ساڵی 2015ـەوە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئەسەد دابوو و گرووپە چەکدارەکان بە بڕیاری شێخ حیکمەت ئەلحەجەری خۆیان بەڕێوەدەبەن.
 
شێخ مەروان ئەلرزق، یەکێکە لە فەرماندەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی سوەیدا، دەڵێت هیچ رێککەوتنێکی پێشوەخت نەبوو بۆ 'هاتنەناوەوەی ئەو هێزەی هەتەشە'. ئاماژە بەوەش دەکات ئەوان دەستیان بۆ دیمەشق کراوەیە بۆ هەر دانوستاندنێک.
 
شێخ مەروان ئەلرزق، فەرماندەی یەکەیەک لە ژووری ئۆپەراسیۆنی سوەیدا بە رووداوی گوت "کاروانی سەربازی لە شەوی سەری ساڵدا هات، خەڵک هەموو سەرقاڵی ئاهەنگ بوون و ئەوان بە چەکی قورسەوە هاتن. ئێمە ئەم شێوازەی چوونەناوەوە رەتدەکەینەوە، دەبێت رێککەوتن هەبێت و بە جلی مەدەنییەوە بێن. دەمانەوێت خۆمان بەڕێوەببەین و پەیوەندیمان بە دیمەشقەوە هەبێت، دەستیشمان بۆ هەر یارمەتییەک درێژە."
 
فەرماندەکەی ئۆپەراسیۆنی سوەیدا زیاتر دەڵێ "ناناوەندیێتی بەشێکە لە چارەسەری بەڵام بە مانای جیابوونەوە و جوداخوازی نایەت. پێویستە پێناسەیەکی دروست بۆ ناناوەندیێتی بکەین."
 
سوەیدا یەکێکە لەو شارانەی سووریا کە رێژەی کۆچبەران تێیدا زۆر کەمە و، هیچ شەڕێکی گەورە لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە تێیدا نەکراوە. خەڵکەکەی هێشتا کولتوور و یەکێتیی خۆیان دوور لە تایەفەگەری پاراستووە.
 
داواکاریی خەڵکی سوەیدا ئەوەیە؛ شێوازی بەڕێوەبردنی سووریا ناناوەندی بێت تاوەکو مافی ئەوان و هەموو پێکهاتەکانی سووریا پارێزراو بێت، ئەوان جەختیش دەکەنەوە لەوەی؛ دژی پارچەپارچەکردنی سووریان.
 
شێخ مەروان ئەلرزق جەخیشی کردەوە لەوەی "بەکورتی ناناوەندیێتی بەو مانایە دێت، کە هەموو بڕیارەکان تەنیا لە دیمەشقەوە دەرناچن. چۆن دەکرێت دووبارە خۆمان بخەینە ژێر مەترسیی مەرکەزییەت کە پێشتر کێشەی زۆر گەورەی بۆ دروست کردووین! ئێمە خوێنمان رشت، گیانمان بەخت کرد بۆ ئەوەی لە مەرکەزییەت رزگارمان بێت. ئەگەر ئێستا دووبارە بگەڕێینەوە سیستمی مەرکەزییەت، کەواتە هیچمان نەکردووە و دووبارە خۆمان خستووەتەوە ژێر چنگی خۆسەپێنیی لایەنێک و ژێردەستەیی و ستەم و دیکتاتۆرییەت."
 
 
لەبارەی بەڕێوەبردنی شارەکەشیانەوە، ئاماژەی بەوە دا "ئێمە خۆمان شارەکەمان بەڕێوەدەبەین بەپێی یاسا و بەشێوەیەکی دیکەش سەر بە حکومەتی دیمەشقین. هەموو جۆرە هاوئاهەنگییەکمان لەگەڵ یەکدی دەبێت و نابێت چەک لەنێوانماندا هەبێت. ئێمە زۆر بەهێزین و دەتوانین بە زەبری چەک مەرجەکانمان بەسەر دیمەشق دا بسەپێنین."
 
مەجید ئەلجەباحی، چالاکوانە لە سوەیدا و دەڵێ "لەسەر سۆشیاڵ میدیا زۆر قسەوباس لەسەر ئێمە کرا کە ئێمە جیاخوازین، ئەگەر جیاخواز بووینایە، ئێمە لە سەردەمی سوڵتان پاشا ئەترەش دا دەوڵەتمان دامەزراندبوو."
 
چالاکوانێکی دیکە بەناوی تەغرید ئەلحەجەری دەڵێ "ئێمە، هیوادارین دەوڵەتی یاسا و دیموکراسی بێت. من داوا لە هەموو سووریایەکان دەکەم دەستی خۆیان بخەنە نێو دەستی یەکدییەوە، چونکە سوەیدا ناتوانێت بەبێ قامیشلۆ کار بکات، قامیشلۆ ناتوانێت بەبێ تەدموور و پارێزگەکانی دیکە کار بکات. ئێمە سووریین و پەیوەندیمان بەم وڵاتەوە هەیە."
 
شاندێک لە سوەیداوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، فەرماندەی ئیدارەی نوێی سووریا کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکەش حیکمەت ئەلحەجەری، شێخی دروزییەکان داوای نامەرکەزییەتی لە سووریا کرد و باسی ئەوەشی کرد؛ ئێستا زووە ئەوان چەکەکانیان دابنێن، دەبێت سەرەتا مافەکانیان لە دەستووردا دیاری بکرێت.
 
رووداو بۆچوونی ژمارەیەک هاووڵاتیی لە سوەیدا وەرگرتووە لەبارەی خواستی ئەوان بۆ چۆنییەتی بەڕێوەبردنی :

 

 
لوجەین هەمزە، هاوڵاتی دەڵێ "بەبۆچوونی من فیدراڵی چارەسەرە، یان سیستمی ناناوەندیێتی وەکو شێخ حیکمەت حەجەری دەڵێت، لەوانەیە بۆچوونی دیکە هەبن، هەر کەس ئازادە، ئەمە بۆچوونی کەسیی هاوڵاتییەکی سوەیدایە."
 
هاووڵاتیێکی دیکە بەناوی س.ب مازن ئەلحیسنی دەڵێ "سوەیدا بەشێکە لە سووریا، ئێمە جیاخواز نین، ئێمە سووریایین و ئەمە قسەی سەرەتا و کۆتاییمانە. ئێمە هەر دەڵێین ئێمە سووریایین."
 
بەسام ئەلحەسەن گوتی "مافی سووریاییەکانە سیستمی بەڕێوەبردنی خۆیان دیاری بکەن، بەڵام ئەمە لە کۆنگرەیەکی گشتیدا دیاری دەکرێت، ئێمە وەکو گەلی سووریا داوای سووریایەکی یەکگرتوو دەکەین بە خاک و گەلەکەیەوە."
 
هەروەها هاوڵاتیێک بەناوی ویسام حەمزە گوتی "ئێمە حکومەتێک دەخوازین، یان سیستمێکی ناوەندیی کارگێڕی، تاوەکو مافمان بپارێزرێت، ماف و تایبەتمەندییمان هەن، ئەم ماف و تایبەتمەندییانە تەنیا بۆ پارێزگای سوەیدا نین، لە زۆربەی پارێزگەکان ئەم تایبەتمەندییانە هەن، ئێمە سیستمێکی هاوڵاتیبوون، دادپەروەری و مافی مرۆڤ دەخوازین."
 
لە کۆتاییشدا راقیە ئەلشاعیر هاووڵاتیی سوەیدا دەڵێ "زۆربەی خەڵکی سوەیدا، سیستمی نانەوەندی بۆ خۆیان بەگونجاو دەبینن، ئەم سیستمە بە واتای پاراستنی پێکهاتەکانی سووریا و پاراستنی ماف و تایبەتمەندییەکانی هەموو پێکهاتەکانی سووریا دێت، سیستمی ناناوەندی لەسەر بنەمای هاوبەشی دادەمەزرێت، نەوەک لەسەر بنەمای تواندنەوە."