وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران: نزیکەی 600 کەسی دیکە لە کەمپی هۆلەوە دەگەڕێندرێنەوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، هەفتەی داهاتوو ژمارەیەکی دیکە لە عێراقییەکانی نێو کەمپی هۆل دەگەڕێندرێنەوە. راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دەڵێت، "20 هەزار عێراقی خوار تەمەن 18 ساڵ لە کەمپی هۆلن."
 
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و بەرپرسی لقەکان لە وەزارەتەکە، رۆژی یەکشەممە، 3ی ئاداری 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بڕیارە هەفتەی داهاتوو ژمارەیەکی دیکە لە عێراقییەکانی نێو کەمپی هۆل بگەڕێندرێنەوە. ئەوانەی دەگەڕێندرێنەوە نزیکەی 150 خێزان دەبن و ژمارەیان نزیکەی 600 کەسە."
 
کەمپی هۆل لە پارێزگەی حەسەکەی رۆژئاوای کوردستانە و نزیکەی 55 هەزار کەسی تێدایە، کە زۆربەیان ژن و منداڵی چەکدارانی داعشن. 
 
زۆربەی ئەوانەی لەنێو ئەو کەمپەدان خەڵکی عێراق و سووریان، ئەوانی دیکەش خەڵکی دەیان وڵاتی دیکەی جیهانن. 
 
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، رۆژی 2ـی ئاداری 2024 لە کۆڕبەندی ئەنتالیا لە پانێڵکدا بەناونیشانی "ئاڵنگاریی نوێ لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر"ـدا قسەی کرد و لەبارەی کەمپی هۆلەوە گوتی، "20 هەزار عێراقی خوار تەمەن 18 ساڵ لە کەمپی هۆلدان. ئەوانە بۆمبی چێندراون بۆ ئاییندە."
 
قاسم ئەعرەجی گوتیشی، "تاوەکو ئێستا 1924 خێزانی کەمپی هۆلمان گەڕاندووەتەوە، کە لە حەوت هەزار و 556 کەس پێکهاتوون. هەزار و 230ـیان گەڕێندراونەتەوە زێدی خۆیان لە شوێنە جیاوازەکانی عێراق."
 
کەمپەکە لەژێر دەسەڵاتى هێزەکانى سووریاى دیموکرات  (هەسەدە)ـدایە.
 
بە گوتەی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، هەسەدە تەنیا کۆنترۆڵی دەوروبەری کەمپەکەیان بەدەستەوە و نێو کەمپەکە لەژێر دەسەڵاتی داعشدایە.